خاوەنەکانیان قەرەبوو دەکرێنەوە
دوکانەکانى ناو بازاڕى قەڵادزێ دەڕوخێنرێن
964+
محەمەد عەلی ــ قەڵادزێ
بۆ فراوانکردنى جوتسایدى ناوبازاڕى قەڵادزێ ژمارەیەک دوکان روخێنران و سەرۆکى شارەوانیش دەڵێت، قەرەبویان دەکەینەوە.
دوکانەکان دەکەونە دەروازەى قەڵادزێ و ماوەى 12 ساڵە خاوەنەکانیان رێگە بە حکومەت نادەن بیانڕوخێنن.
ئارام محەمەد، سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ بە 964ـی وت”دەستمان کرد بە روخاندنی چەند دوکانێک لەو دوکانانەی رێگرن لەبەردەم فراوان بوونی جووسایدی ناوبازاڕ کە لە قەڵاتەوە بۆ ناوەڕاستى شار دەستپێدەکات”.
لەبەر ئەوەى دوکانەکان تاپۆن، سەرۆکى شارەوانى دەڵێت: ناتوانین بیانڕوخێنین تا قەرەبوویان نەکەینەوە،
لە 2012ـەوە ئەو دوکانانە بوون بە کێشە بۆ فراوانکردنى جوتسایدى ناوبازاڕى قەڵادزێ، بەڵام بەهۆى ئەوەى حکومەت ئامادە نەبووە قەرەبوویان بکاتەوە خاوەن دوکانەکان ئامادە نەبوون رێگە بە شارەوانى بدەن دوکانەکانیان بڕوخێنن.
سەرۆکى شارەوانى قەڵادزێ باسى لەوەشکرد، هەوڵى ئێستایان ئەوەیە خاوەن دوکانەکان بە زەوى قەرەبوو بکەنەوە، بۆیە لەگەڵ بەشێک لە خاوەن دوکانەکان گەیشتوون بە رێککەوتن.
هەرچەندە تائێستا بەشێک لە خاوەن دوکانەکان ئامادەنین دوکانەکانیان بڕوخێنن، بەڵام شارەوانى قەڵادزێ لە هەوڵدایە گفتوگۆیان لەگەڵ بکات و رازیان بکات لەبەرامبەر قەرەبووکردنەوەیان دوکانەکان بڕوخێنن.
دوکانەکان دەکەونە سەرەتاى قەڵادزێ و زیاتر لە 50 دوکانن، بەڵام بەهۆى ئەوەى رێگەیان نەداوە بیانڕوخێنن ماوەى 12 ساڵە نەتوانراوە پڕۆژەى جوتسایدى ناوبازاڕى قەڵادزێ تەواو بکرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح