کۆمسیۆن: درێژناکرێتەوە
تۆمارکردنی ناوی کەس و قەوارەکان سێ رۆژی ماوە
964+
ئەحمەد مستەفا
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تۆمارکردنی ناوی، لیست، کەس و قەوارەکان سێ رۆژ وادەی ماوە و ئەو وادەیەش درێژ ناکرێتەوە.
کۆتا وادە، رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە 28.3.2024 دەبێت.
لە بڵاوکراوەیەکدا کە ئۆفیسی جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ 964ی ناردووە ئەوەی تێدا خراوەتەڕوو، ئەو وادەیە پشت بەست بە خشتەی کردارەکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق دانراوە، بۆیە قابیلیەتی درێژکردنەوەی نییە.
بە گوێرەی سۆراغی 964 بێت، جگە لە کەسایەتی، لیست و قەوارەکان تائێستا ناوی بەربژێرانی خۆیان پێشکەش بە کۆمسیۆن نەکردووە، تا داتا بکرێن و ناویان ئامادەبکرێ بۆ رۆژی هەڵبژاردن، ئەوە لە کاتێکدا بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10.6.2024 ئەنجامبدرێت.
ئامادەکاری ئەو دەزگایە بەردەوامە، پێشتر، ئەنجومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، بڕیاردراوە بە دووبارە پێکهێنانى دەستەى دادوەرى هەڵبژاردنەکان کە تایبەتە بە پێداچوونەوە بەو تانانەى لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیاران یاخود زیانمەندان لە بڕیارەکانى ئەنجومەن پێشکەشدەکرێن.
دەستەى دادوەرى هەڵبژاردنەکان لە پێنج دادوەر پێکدێت، سیانیان عەرەب و دوانیان کوردن کە پێکهاتوون لە:
حسێن فوئاد منعم، جێگرى سەرۆکى دادگاى پێداچوونەوەى فیدراڵی/ سەرۆک
جەلیل عەدنان خەڵەف، سەرپەرشتیارى دادوەرى لە سەرۆکایەتى دەستەى سەرپەرشتیاری دادوەرى / ئەندامى سەرەکى
رەمەزان حەسەن عوبێد، جێگرى سەرۆکى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى دهۆک/ئەندامى سەرەکى
ئەحمەد عەلى خەڵەف/ دادوەرى دادگاى پێداچوونەوەى فیدراڵى/ئەندامى یەدەگ
کامەران حەسەن فەرەج/ جێگرى سەرۆکى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى سلێمانى/ ئەندامى یەدەگ