حاسڵاتی ئەمشەو

ئەنجومەنی ئاسایش داوای وەستاندنی شەڕ دەکات و ناتەنیاهۆش توڕەیە

964+

ژووری هەواڵ

دوای پێنج مانگ لە شەڕ، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاریدا دەستبەجێ شەڕ لە غەزە رابگیرێت، ئەوەی سەیر بوو ئەوە بوو ئەمریکا مافی ڤیتۆی بەکارنەهێنا بۆ پەکخستنی بڕیارەکە، لە کاتێکدا جارەکانی پێشوو بەهۆی ڤیتۆی ئەمریکاوە بڕیارەکە دەرنەدەچوو.

حکومەتی ئیسرائیل ناڕەزایی توندی دەربڕی لەسەر ئەوەی ئەمریکا بێدەنگ بووە لە بەرامبەر دەرچوونی ئەو بڕیارەو نوسینگەی سەرەک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: ناتەنیاهۆ بڕیاریدا سەردانی ئەو وەفدە باڵایە هەڵبوەشێنێتەوە کە بڕیاربوو بچنە واشنتن.

یائیر لابید سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل رەخنەی لە بڕیارەکەی ناتەنیاهۆ گرت و دەڵێت: ناکۆکی لەگەڵ ئەمریکا هیچ پێویست نییەو ئێستا لە بەرژەوەندی ئیسرائیل نییە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا تێک بدات.

کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە بڵاویکردووەتەوە: ئیدارەی بایدن هۆشداری داوەتە ئیسرائیل و پێی راگەیاندووە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت و باری مرۆیی لە غەزە خراپتر بێت، ئەوا ئیسرائیل لە پێش چاوی جیهان بێزراو دەبێت.

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە دەمی چەند بەرپرسێکی قسە رۆیشتووی ئیسرائیلەوە بیستووەیەتی کە وتویانە: ناتەنیاهۆ زیانی زۆر گەورەی بە دانوستانی ئازادکردنی دیلەکان گەیاندووە.

ئیهود باراک سەرەک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل دەڵێت: ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی خێراو دەستبەجێ تاکە رێگە چارەیە بۆ ئەوەی ئیسرائیل لەو قەیرانە دەرباز بکات کە تێی کەوتووە.