دەزگای مین: هه‌مان حاڵه‌ت له‌ زاخۆش هه‌بووه‌

لافاوه‌كه‌ى دهۆك 150 ته‌قه‌مه‌نى هێنایه‌ ناو ئاوه‌دانییه‌كان

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌هۆى بارانبارین و دروستبوونى لافاوه‌كه‌ى ئه‌م دواییه‌، كه‌ رووی له‌ پارێزگاى دهۆك و ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى زاخۆ كرد، به‌ ده‌یان ته‌قه‌مه‌نى له‌و دوو شوێنه‌ ده‌ركه‌وتوون، به‌ڵام ده‌زگاى مینى هه‌رێم ده‌ڵێت، كارى له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كراوه‌.

رۆژى 20.3.2024، دەزگای گشتی کاروباری مین هۆشدارى دایه‌ هاوڵاتیان، كه‌ به‌هۆى بارانبارین و دروستبوونى لافاوه‌وه‌ ته‌قه‌مه‌نى ده‌رده‌كه‌ون و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئاگدارى كردنه‌وه‌ كه‌ نزیكى قەراغ چەم و رووبارەکان نەبنەوە.

عه‌لى میرانى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كاروبارى ته‌كنیكی له‌ ده‌زگاى مین به‌ 964ـى وت، ته‌نیا له‌ پارێزگاى دهۆك به‌هۆى لافاوه‌كه‌وه‌ 150 ته‌قه‌مه‌نى جیاواز دۆزراوه‌نه‌ته‌وه‌.

وتیشی “ته‌واوى ئه‌م ته‌قه‌مه‌نیانه‌ نه‌ته‌قیو بوون و مه‌ترسیان له‌سه‌ر ژیانى هاوڵاتیان هه‌بوو”.

ده‌زگاكه‌ ئامارێكی وردى له‌ ئیداره‌ى زاخۆ نه‌بووه‌ كه‌ به‌هۆى لافاوه‌وه‌ چه‌ند مین و ته‌قه‌مه‌نى لێ ده‌ركه‌وتبێت، به‌ڵام عه‌لى میرانى ده‌ڵێت، زاخۆش به‌ده‌ر نه‌بووه‌ له‌و حاڵه‌ته‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ته‌واوى ئه‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ى له‌ دهۆك دۆزرابوونه‌وه‌ له‌لایه‌ن تیمه‌كانیانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر كراون و له‌و شوێنانه‌ نه‌ماون كه‌ لێی دۆزرابوونه‌وه‌.

بەپێی داتاكانى دەزگای گشتیی کاروباری مین، له‌ هه‌رێمی كوردستان 776 كیلۆمەتر چوارگۆشە مینڕێژ كراوه‌ و حکومەت بە هاوكاری رێكخراوە بیانییە هاوبەشەكان لە دوای ساڵی 1992ـەوە تا ئێستا توانیویەتى ئەو رێژەیە بۆ 258 کیلۆمەترى چوارگۆشە کەمبکاتەوە.

لە بەرواری باڵا مین و ته‌قه‌مه‌نى ترسناك له‌ نزیك ما...

لە بەرواری باڵا مین و ته‌قه‌مه‌نى ترسناك له‌ نزیك ماڵێك دۆزرانه‌وه‌