هۆکارەکەی چییە؟

چۆلەکەی پاساری لەشار دورکەوتوونەتەوە

964+

محەمەد عەلی ـ پشدەر

بەهۆی ئەوەی خانووی دار و قوڕی دانیشتوانی پشدەر بوون بە کۆنکرێت چۆلەکەی پاساری یاخود چۆلەکەی ماڵی کەم بووتەوە لەناو شار، دەنگی جریوەو فڕەی باڵەکانیان نەماوەو دورکەوتونەوە لەناوشار و کەمتر بەرچاو دەکەون، بەهۆی ئەوەی خانوی کۆنکرێت وەک و خانوی دار کولانەی نیە چۆلەکەکان هێلانەی تێدا دروست بکەن.

چۆلەکەی پاساری لەکۆنەوە لە ماڵە قوڕینەکاندا لانەیان دەکرد و لەسەردار و کۆڵان و حەوشەی ماڵەکاندا دەبینران و بەردەوام بەجریوە جریوەیان ئاوەدانیان دەبەخشی بە دەورووبەر، بۆخواردنیش پشتیان بە نان و گەنم و برنجی ئەو ماڵانە دەبەست کە پەلەوەریان هەبوو، کاتێک خاوەن ماڵ لەحەوشە خواردنی بۆ پەلەوەرەکانی دادەنا، چۆلەکەکانیش لەگەڵ ئەوان خواردنیان دەخوارد بەتایبەت لەوەرزی باران و بەفردا.

ئێستا چۆلەکەی پاساری دورکەوتونەتەوە بۆ گوندەکان و لەوێ ژیان دەکەن، یاخود بۆ ئەوشوێنانەی گاودارییان تێدا دەکریێت و لەدوور شارن، ئەوێ بۆ ئەوان گونجاوترە و شوێنی هێلانەکردن و خواردنیان باشترە و لە گوندەکاندا بەشێوەی کۆمەڵ بەرچاو دەکەون.

ئەم باڵندەیە بچوکە کێشی 30 گرام دەبێت و قەبارەی نزیکەی 14ـ 15سم دەبێت، دەنوک ئەستوور و خڕیان هەیە، لاقیان تاڕادەیەک کورتە، مێینە و باڵندە بچووکەکان رەنگی قاوەیی کاڵ و خۆڵەمێشییان هەیە و نێرەکانیش نیشانەی رەش و سپی و قاوەیی گەشاوەتریان هەیە، بەکۆمەڵ دەژین و لەفڕیندا بەهێزن، بۆژیان کردن لەنزیک مرۆڤەکان و کێڵگەکاندا دەژین، لەهەموو شوێنێکی دونیا دەبینرێن، خواردنی سەرەکیان دانەوێڵە و مێرولەکانن، دەنگیان خۆشە و دڵ نشینن.

باڵندەکە بەچەند جۆر ناودەبرێت، چۆلەکەی پاساری به‌یتاک ، پاساری، پاسارو، تیڤۆک، جووجک، جووک، چڤینگ، چوول، چیچک، چێژیله‌، چێشکه‌، ساندیلکه‌، سیڤاندۆک، شڤاندیلکه‌، کوێشکه‌، کیژۆڵه‌، کێشکه‌، کێشوه‌له‌، مرچک، مریچله‌، مه‌لووچک، مه‌لووج و مه‌لیچه‌.

پێداچوونەوە: توانا نەقی