سەردانی تیمە هاوبەشەکان بۆ شوێنی دروستکردنی بانکی تۆو لە هەواری شار _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
پارەکەی یەکێتی ئەوروپا داویەتی
بانکە تۆوەکەی سلێمانی دەست بە دروستکردنی دەکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
ستافی ئیدارەی پارکی هەواری شار، ستافی رێکخراوی FAO و فەرمانگە خۆجێییەکانی سلێمانی، پاش کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن بڕیاریاندا کارەکانی دروستکردنی جین بانک (بانکی تۆو) لە هەواری شار دەستپێبکات.
پڕۆژەی جین بانک لە پارکی هەواری شار لە سلێمانی دروستدەکرێت، کە رووبەرەکەی 100 دۆنم زەوییە و پارێزگاری لە تۆوی رووەکەکان دەکات بۆ نەوەکانی داهاتوو.
پرۆژەکە بە تێچووى دوو ملیۆن یۆرۆ کە یەکێتیی ئەوروپا دابینى کردووە، رێکخراوی فاو جێبەجێى دەکات.
لە بارەی پڕۆژەکەوە، دکتۆر سامان عەبدولڕەحمان سەرپەرشتیاری پڕۆژەی جین بانک بە 964ی وتووە،”جین بانک پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گرنگە، لە زۆربەی ناوچە جوگرافیەکاندا دروستدەکرێت،ئەوەش یەکەم بانکە لە سلێمانی کە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
ئەم پڕۆژەیە بۆ مەبەستی پارێزگاریکردنە لە ژینگە و سروشتی کوردستان،”تێیدا سەرچاوە بۆ ماوەییەکانی رووەک دەپارێزرێت، بۆ هەتا هەتایە بە مەرجێک بە شێوەیەکی دروست هەڵبگیرێن”.
بە قسەی سامان عەبدولڕەحمان، “تێچووی پڕۆژەکە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە دابیندەکرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی رووەکی کوردستان، هەنگاوە کردەییەکانی دەستیپێدەکات”.
بە گوێرەی سۆراغی 964، جین بانک لە عێراقدا و لە بەغدا بوونی هەبووە، بەڵام زۆرێک لە داتاکانی لە کاتی ئازادکردنی عێراقدا براونەتە وڵاتی سوریا نەگەڕێندراونەتەوە.
چەندین رووەکی خۆڕسک لە جیهان هەیە، کە لەبواری جۆراوجۆردا بەکاردەهێنرێت و سودی خۆراک و دەرمانی لێوەردەگیرێت، ئیرەج مورادی کارناسی باڵای زانستی کشتوکاڵ لە بارەی کێشەو جۆرەکانی ئەو سامانە سروشتەی کوردستان بە 964ی وت، “لەو هەزاران رووەکەی لە کوردستان بوونی هەیە، 250 جۆر رووەک لە کوردستان به كهڵكى خواردن دێن”.
بە گوێرەی ئەو سەرژمێرییەی کە مورای کردوویەتی، لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیک بە (2500)، لە باکوور (2700 تا 3000)، باشوور نزیکەی (1400 بە 1500) و رۆژئاوای کوردستانیش تا (700 تا 800) جۆر رووەکی تێدایە، ئەو وتی، “دەبێت ئەوەش بزانین زۆرترین گیا لە خاکی تورکیادا هەیە، بەڵام ئەو بەشەی کە پێی دەڵێن باکووری کوردستان زۆرترین گیایی کۆنی تێدایە. ئەو گیا کشتوکاڵییانەی وەکوو گەنم و جۆ نەژادی باپیرەگەورەیانن”.
دیمەنی سەردانی تیمە هاوبەشەکان؛