ئەگەر ئێمپاپێ لێگەڕێت

ئەمشەو شەوى بارسایە

وریا فەتاح

ئەمشەو لە یارییەکانى گەڕانەوەى قۆناغى 8ـى خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا، دوو یارى چارەنوسساز و یەکلایى کەرەوە ئەنجام دەدرێت، بارسا نانى کەوتووەتە رۆنەوە ئەگەر ئێمپاپێ لێگەڕى و ئەتڵەتیکۆش دەچێتە دۆزەخى سیگناڵ ئیدۆنا پارک.

یارییەکان کاتژمێر 10 بە هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدرێت، بارسا لەسەر خاکى خۆیى و لە بەرامبەر هاندەرانى رووبەڕووى پاریس سانجێرمان دەبێتەوە، بلوگرانا یارى چوونى لەبەرژەوەندى خۆى بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ کۆتایى پێهێنا بوو، بەڵام ئەمشەو ئیمپاپێ و شازادەکانى پاریس بەدواى تۆڵەدا دەگەڕێن.

لە یارییەکى دیکەدا کە لە هەمان کاتدا لەسەر یاریگا بەناوبانگ و سەرنجڕاکێشەکە سیگناڵ ئیدۆنا پارک ئەنجام دەدرێت، بروسیا دۆرتمۆند میواندارى ئەتڵەتیکۆ مەدریدى ئیسپانى دەکات، 2 بە 1 لەبەرژەوەندى کوڕانى سیمیۆنى کۆتایى هاتبوو، بەڵام ئەمشەو ئەرکیان قورسە، چونکە زەردپۆشە ئەڵمانییەکان لە یاریگاى خۆیاندا بۆ راستکردنەوەى ئەنجامەکە یارى دەکەن.