وردەکاری ساغکردنەوەی هەواڵێک لە دیوی ناوەوەی 964

بەم شێوەیە هەواڵ دروست دەکەین

+964

ژووری هەواڵ

لەناو راگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێرو نوسراوەکەی ئەنجومەنی شارەوانیدا دوو دەستەواژەی جیاواز هەبوو، ژووری هەواڵی 964 لێنەگەڕا تا ساغی کردەوە کامیان دەستەواژە راستەکەیە.
کەمێک لەمەوبەر راگەیاندنی پارێزگای هەولێر لەسەر فەیسبووک نوسی ”پارێزگاری هەولێر بڕیارى یەک ساڵ لێخۆشبوون لە کرێى ساڵانە و 6 مانگ لە رسوماتى خاشاکى هەموو ئەو دوکانانەى لەنگە کە بەهۆى رووداوى ئاگرکەوتنەوەکە زیانیان بەرکەوتووە پەسندکرد”.
بەڵام لە نوسراوەکەی ئەنجومەنی شارەوانیدا کە لەگەڵ ئەو پۆستە هاوپێچە بەم شێوەیە نوسراوە ”لێخۆشبوون لە کرێی ساڵانەو رسوماتی خۆڵ و خاشاک بۆ ماوەی (6) مانگ”، واتە بەپێی نوسراوەکە بێت لێخۆشبوونی کرێیەکەش بۆ شەش مانگە، بەڵام دوای چەند پەیوەندییەک 964 ساغیکردەوە کە راگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر دروستترەو لێخۆشبوون لە کرێ بۆ یەک ساڵە نەک شەش مانگ.

ناوە ناوە ژووری هەواڵی 964 وردەکاری پرۆسەی دروستکردنی هەر هەواڵێک لەگەڵ وەرگرەکانی بەش دەکات، تەنیا بۆ بەرچاو روونییەک لەسەر ئەوەی چۆن رێزی متمانەی وەرگرەکانمان دەگرین.

چۆن زانیارییە ساغکرایەوە:
– تەنیا یەک خولەک دوای راگەیەندراوەکەی هەولێر، 964 هەواڵەکەی وەک خۆی بڵاوکردەوە.
– سێ خولەک دواتر بەرزان عوسمان پەیامنێری 964 لە دوکان لە یەکێک لە گروپەکانی ژووری هەواڵ نوسی ”بەڕێزان ئەوەی من لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی شارەوانی خوێندمەوە کرێی ساڵانەشیان بۆ ماوەی 6 مانگ لێخۆشبونی بۆ کراوە نەک ساڵێک” -لە گروپێکی تایبەتدا هەموو پەیامنێرەکان کراون بە چاودێر بەسەر ناوەڕۆکی هەواڵ و زانیارییەکانەوە-
– زیاتر لە 15 خولەک دواتر هەموو میدیا گەورەو بچوکەکان زانیارییەکەیان بڵاوکردەوەو هەمووشیان موکوڕ بوون لەسەر ئەوەی لێخۆشبوونەکە بۆ ماوەی یەک ساڵە.
– ژووری هەواڵ شوێن تێبینی پەیامنێرەکە کەوت، نامەی نارد بۆ بەرپرسێکی باڵای ئیداری شارەکەو پرسیاری لێکرد، ئەویش بە نامەیەکی دەنگی وەڵامی داوەتەوە ”ئاگاداربن شەش مانگە نەک یەکساڵ”.
– ئەمە بەس نەبوو، پەیوەندیکرا بە بەرپرسی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر، ئەو دڵنیای کردینەوە کە لێخۆشبوونەکە بۆ یەک ساڵە، بەڵام دوای ئەوەی ناوەڕۆکی نوسراوەکەمان بۆ خوێندەوە، وتی لەسەرم بوەستن تا زیاتر لێی دڵنیا دەبمەوە.
– لە ژووری هەواڵ گفتوگۆکرا لەسەر ئەوەی ئەگەر شەش مانگەکە راست بوو، چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، بەو پێیەی لەو کاتانەی ئەم جۆرە هەڵانەمان بەسەردا تێدەپەڕێت راست و رەوان بە وەرگرەکانمان دەڵێین ئێمە هەڵە بووین.
– چەند خولەکێک دواتر بەرپرسی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر دوای پرس و را پەیوەندیکردەوەو وتی ”دڵنیابووینەوە لێخۆشبوونەکە بۆ یەک ساڵە، بەڵام لەناو نوسراوەکە بە هەڵە داڕێژراوە”.
– نیو کاتژمێر دواتر بەرپرسێکی دەسترۆیشتووی ئیداری بە 964ی وت بڕیارەکە بۆ شەش مانگە نەک ساڵێک، ئاگاداربن نەکەونە هەڵەوە.
– تیمی ژووری هەواڵ بەوەوە نەوەستان و پەیوەندییان بە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر کرد، بەو پێیەی بڕیارەکە بە ئیمزای ئەو پەسەندکردوە، بەڵام وەڵامی نەبوو، لە واتساپ نامەی بۆ نێردرا، لە کاتژمێر 4:00 بەنامە وەڵامی دایەوەو وتی بڕیاری لێخۆشبوون لە دوکاندارانی لەنگەی هەولێر بۆ ماوەی یەکساڵە.

ژووری هەواڵی 964 بە چەند خولەکێک و هەندێ ماندووبوونی زیاتر توانی زانیارییەکە راست بکاتەوەو رێزی وەرگرەکانی بگرێت، هەمانکات پێزانینی هەیە بۆ بەرپرسانی ئیداری و میدیایی پارێزگای هەولێر کە هەموو جارێک دەمودەست بە دەم وەڵامی پرسیارەکانیەوە دێن.

دوای ئەم هەواڵەش پەیامنێری 964 چووە لای دوکاندارانی بازاڕی لەنگە بزانێت ئەوان رایان چییە لەسەر بڕیارەکە، ئەو هەواڵەیان دەتوانن لێرە بخوێننەوە.