"قوتابیان دانابڕێن لە خوێندن"

بەهۆی کاریگەرییەکانی لافاو دەوامی چوار قوتابخانەی دهۆک وەستاوە

964+

هێڤی دێوالی – دهۆک

بەهۆی لافاوی دهۆک شەش قوتابخانە ژێر ئاو کەوتون، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆکیش دەڵێت، قوتابیان دانابڕێن لە
خوێندن، قوتابییەکان دەنێردرێن بۆ قوتابخانەکانی نزیک شوێنی نیشتەجێبوونیان و دەوامی خۆیان دەکەن.

لافاو زیانی بە شەش قوتابخانە لە گەڕەکی بەرۆشکێ گەیاندووە، دیواری چوار قوتابخانەی پەروەردەی رۆژهەڵات رووخاون، ئەو چوار قوتابخانەیە دەوامیان تێدا ناکرێت. دوو قوتابخانەش ئاو و قور چووەتە ناویان و چەند رۆژێکە لەلایەن تیمی شارەوانی خەریکی پاککردنەوەیانن.

نەبیل سنجاری، بەرپرسی راگەیاندنی پەروەردەی گشتی دهۆک بە 964ی وت، لافاو زیانی بە شەش قوتابخانە لە سەنتەری پارێزگای دهۆک گەیاندووە، چوار قوتابخانە سەر بە پەروەردەی رۆژهەڵاتن ناوییان “هەڵوێست، چرا، هاوکاری، دەوامێکی ئێواران”، کە سێ قوتابخانە یەک باڵەخانەیە بەتەواوی دیواری قوتابخانەکە روخاوە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە.

وتیشی، دوو قوتابخانەمان لە سنوری پەروەردەی رۆژئاوا “شەپۆل، شوێنەوار” خاوێنمان کردووە و قوتابیان دەتوانن دەوامی تێدا بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، قوتابیانی ئەو چوار قوتابخانەیە دانابڕێن لە خوێندن، ئەو قوتابخانانەی لەو گەڕەکە نزیکن لەوێ دابەش دەکرێن و دەوامی خۆیان دەکەن تاوەکو قوتابخانەکانیان نۆژەندەکرێتەوە.

“تا ئێستا نازانرێت کەی ئەو قوتابخانانە دەست بە نۆژەنکردنەوەیان دەکرێت، تەنیا لەم قۆناغە پاکدەکرێنەوە چونکە زەرەر و زیانەکان بەتەواوی دیاری نەکراون “، نەبیل سنجاری وای وت.

لەسەنتەری پارێزگای دهۆک  220 قوتابخانەی ئامادەیی و نزیکەی 250 قوتابخانەی بنەڕەتی هەن.

پێداچوونەوە: هاوبەش

تا ئێستا تەرمى ئەو دوو کەسەى لە دهۆک خنکان نەدۆزراونەت...

تا ئێستا تەرمى ئەو دوو کەسەى لە دهۆک خنکان نەدۆزراونەتەوە