دیمەنێکی بارانبارین لە یەکێک لە شەقامەکانی کوردستان - وێنە: 964
لە پێشدا گەرمیان دەگرێتەوە
لە دوانیوەڕۆوە شەپۆلێکى بەهێزى باران چەند ناوچەیەکی هەرێم دەگرێتەوە
964+
وریا فەتاح
لە دوانیوەڕۆى ئەمڕۆوە، شەپۆلێکى بەهێزى باران بارین ناوچەکانى گەرمیان و پارێزگاى هەڵەبجە و دواتر سلێمانى دەگرێتەوە و تا درەنگانێکى شەو بەردەوام دەبێت.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەرى بهڕێوهبهرایهتیی كهشناسی و بومهلهرزهزانیی سلێمانی بە 964ـى وت،”لە دواى نیوەڕۆی ئهمڕۆوە، شەپۆلێکى بارانبارین روولە ناوچەکە دەکات، سەرەتا لە باشورى ناوەڕاستى عێراقەوە دەستپێدەکات و دواتر کاریگەرییەکەى لە ئیدارەى گەرمیان و بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە دەردەکەوێت و پاشان دەگاتە سلێمانى”.
وەک ئەوەى ئاسۆ کەمال روونیکردەوە، شەپۆلەکە بارانى بەلێزمەیە و هەورە تریشقەى لەگەڵ دەبێت و بڕێکى باشى باران دەبارێت.
بڕى پێشبینیکراوى کەشناسى سلێمانى بۆ ئەو شەپۆلى بارانەى سنورى ئیدارەى گەرمیان 35 تا 45 ملیم دەبێت.
بەوتەى ئاسۆ کەمال، شەپۆلەکە تا کاتەکانى بەرەبەیانى سبەینێ دووشەممە بەردەوام دەبێت.