مین بە دوو هاوڵاتیدا تەقیەوە و یەکێکیان قاچێکی لەدەستدا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە شاخى گۆرنۆک سەر بە قەزاى رواندز دوو هاوڵاتى بەر مین کەوتن و بریندار بوون، یەکێکیان برینەکەی سەختە.

بەرگری شارستانی سۆران لە راگەیەندراوێکدا لە فەیسبوکی خۆیان دەڵێت: دوو هاوڵاتی کە ئەندامی گروپێکی شاخاوانین، لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە شاخەوان لەسەر شاخی گۆرنۆک لایانداوە لە رێگەی سەرەکی پیادەڕۆیی و مین پێیاندا تەقیوەتەوە.

د. بەرزین لەزگین، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران بە 964+ی راگەیاند: یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەی گواستراوەتەوە بۆ هەولێر.

ئەو هاوڵاتییەی کە برینەکەی سەختە پێی ناوە بە مینەکەدا و قاچێکى لە دەست داوە، ئەوەی دیکەشیان کەللـە سەرى بریندارە و بارى تەندروستى جێگیرە و بەرگری شارستانی سۆران دەڵێت: چارەسەرى پێویستى بۆ کراوە.

یەکێک لە بریندارەکان لە دایکبووى 1998ـە و دانیشتووى گەرەکى شەهیدانە لە رواندز، ئەوەى تریان لەدایکبووى 1991ـە و خێزاندارە و دانیشتووى رواندزە و فەرمانبەرە لە فەرمانگەى کارەباى رواندز.

بەرگری شارستانی سۆران دەڵێت “هۆکارى رووداوەکە لادان بووە لە رێگاى سەرەکى پیادە رۆیى لەگەڵ گروپى شاخەوانى کە خۆیان ئەندامى ئەو گروپە بوون.”