964 بەدواداچوونی کردووە

هۆکاری بە سستی دابەشکردنی بەشەخۆراک چییە؟

964+

پێشەوا محەمەد

دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگی دوو بە سستی دابەش دەکرێت، 964 پرسی هۆکارەکەی لە بەڕێوەبەری بازرگانیی خۆراکی سلێمانی کرد، ئەویش وتی، “پەیوەندی بە دروستکردنی کارتی بانکیی بریکارەکانەوە هەیە”.

بە پێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، دەبێت هەموو بریکارێکی خۆراک ژمارەیەکی بانکی هەبێت و لەوێوە پارە بداتە بەرێوەبەرایەتییەکانی بازرگانی.

کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی خۆراکی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئێستا بریکارەکان سەرقاڵی دروستکردنی ئەو کارتەن، هەر بریکارێکیش کارتەکە دروستبکات و بێتە بەڕێوەبەرایەتی مادەکانی بۆ رەوانە دەکرێت بۆ دابەشکردنی.

وتیشی، “خواردنەکە گەیشتووە و لە کۆگاکاندایە، بەڵام بەبێ ئەو کارتەی بریکارەکان ناتوانین مادەکان بۆ هیچیان بنێرین، چونکە بڕیاری بەغدایە و دەبێت بریکارەکان بە هەژماری بانکی پارەکانیان رادەست بکەن”.

لەناو شاری سلێمانی نزیکەی هەزار و 200 بریکاری دابەشکردنی خۆراک بوونیان هەیە و لەسەر ئاستی پارێزگاکەش سێ هەزار و 250 بریکار هەن و دوو ملیۆن و 74 هەزار و 91 هاوڵاتیش بەشە خۆراک وەردەگرن.

ئەو بەشەخۆراکەی دابەش دەکرێت هی مانگی دووە، لەکاتێکدا لە کۆتاییەکانی مانگی سێ نزیک دەبینەوە، کامەران فەتاح لەوبارەیەوە وتی، “وەزارەتی بازرگانی پێوتووین ئەو بەشە خۆراکە لەسەر لیستی مانگی سێ دابەش بکەین، ساڵی رابردووش 10 بەشە خۆراک دابەش کرا و دوو مانگ نەنێردرا”.

بۆ مانگی رەمەزان 4 بابەتی دیکە بۆ بەشە خۆراک زیاد دەبێت

بۆ مانگی رەمەزان 4 بابەتی دیکە بۆ بەشە خۆراک زیاد دەبێت