لەمساڵدا

ئاوی راپەڕین شەش بیری نوێی لێداوە

پێشەوا محەمەد

لەمساڵدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی راپەڕین شەش بیری نوێی بۆ گەڕەکە نوێکان لێداوە، بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، بیرەکان بە ناچاری لێدەدەن و ناتوانن تۆڕی ئاو رابکێشن.

زۆرینەی ئەو بیرانە لەناو شاری رانیە لێدراون و ئێستا ژمارەی بیرە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە 410 دانەیە.

سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، گەڕەکە نوێکان پێویستیان بە ئاوە و بەهۆی نەبوونی بودجەشەوە ناتواندرێت تۆڕی ئاویان بۆ رابکێشرێت لەبەرئەوە بیریان بۆ لێدەدرێت.

وتیشی، “هەندێ گەڕەک هەیە پێشتر هەبووە بەڵام فراوانبوونی بۆ کراوە و ئەوانیش پێویستیان بە ئاوە، یاخود هەندێ گەڕەک بیرەکەی وشکی کردووە یان ئاوەکەی کەمی کردووە.

جگە لەو 410 بیرە بەڕێوەبەرایەتییەکە خاوەنی 100 بیری دیکەیە کە لەکارکەوتوون، بەشێکیان وشکیان کردووە و بەشێکێشیان دەماری گۆگردیان تێکەڵ بووە و ئاوەکەیان بەکەڵکی بەکارهێنان نایەت.

“ئەو بیرانە 40%ـی ئاوی سنوورەکەیان دابین دەکەن، جگە لەوانە بیری تریش زۆر هەن کە لەناو باخەکان و بۆ مەبەستی کشتوکاڵی لێدراون”، ئەوەش قسەی سەلام عومەرە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە خاوەنی 80 هەزار هاوبەشی ئاوە.