هۆشداری بەهاوڵاتیان دەدرێت

یەکێک لە پۆندەکانی قەزای ئامێدی مەترسی رووخانی لەسەرە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

یەکێک لە پۆندەکانی کۆمەڵگای کوان لە قەزای ئامێدی مەترسی رووخانی لەسەرە، بەرێوەبەرایەتی ئاودێری ئامێدیش هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان بەهۆی مەترسی رووخان لە پۆندەکە دوور بکەونەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هاوڵاتییانی کۆمەڵگەی کوان و ئاژەڵدارەکان، لایەنی پەیوەندیداریان ئاگادارکردوەتەوە بەشێکی گردێک لە پۆندەکە رووخاوە.

ئەو پۆندەی مەترسی رووخانی لەسەر ناوی پۆندی “محەمەد موحسینە” و پێنج ساڵە دروستکراوە، بەرزایەکەی 28 مەترە و 320 هەزار سێجای ئاو لە خۆدەگرێت، بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیە سوودێکی زۆری هەیە و 20 هەزار داری ئەو ناوچەیە لێی سوودمەند دەبن.

بۆتان ئامێدی، بەڕێوەبەری ئاودێری ئامێدی بە 964ی وت، پۆندی “محەمەد موحسین” مەترسی رووخانی لەسەرە، ئەگەر باران بارین بەردوام دەبێت ئەگەرەکانی رووخانی پۆندەکە زیاتر دەبێت.

بەڕێوەبەری ئاودێری ئامێدی هۆشداری دەداتە  ئاژەڵدارەکان و هاوڵاتییان لە نزیکی پۆندەکە دووربکەونەوە، چونکە مەترسیەکانی رووخانی زۆرە.

بۆتان ئامێدی ئەوەش دەڵێت، “یەک چارەسەری هەیە بەتاڵکردنی ئاوی پۆندەکەیە بە غەتاس، بەڵام ئەو هەوڵە دوو هەفتەی پێدەچێت و ئەمەش کاتێکی زۆرە، لەهەوڵی دۆزینەوە چارەسەرێکین”.

کۆمەڵگەی کوانێ سەر بە قەزای ئامێدییە و لەو کۆمەڵگەیە دوو پوند هەن ئەوانیش پۆندی کوانێ و پۆندی محەمەد موحسینـه.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی