لە سلێمانی
چاودێریی رەوشی منداڵ و نەوجەوانانی ناو خانەکان دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
لقی سلێمانیی نووسینگەی مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ رەوشی منداڵان و نەوجەوانانی نێو خانەکان دەکات و هۆبەیەکی تایبەتیش بۆ پاراستنی مافی منداڵ دەکاتەوە.
نووسینگەکە دوێنێ چوارشەممە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانییان کردووە.
“دەمانەوێت لە تەندروستی، خوێندن، بەدەستهێنانی مافە یاساییەکانی منداڵان و نەوجەوانان دڵنیا بینەوە لەناو خانەکاندا”، ئەوە قسەی سابیر عەبدوڵا، بەرپرسی لقی سلێمانیی نووسینگەی مافی مرۆڤە بۆ 964.
وتیشی، “ماوەکانی رابردوو بە هاوکاریی رێکخراوی یونسێف چەندان دەورەمان بینیوە بۆ زیاتر ئاگادار بوون لە رەوشی منداڵان و نەوجەوانان و چۆنێتیی داکۆکیکردن لە مافەکانیان”.
دەستەی مافی مرۆڤ بەشێکی تایبەت بە داکۆکیکردن لە مافی منداڵ دەکاتەوە و لە نووسینگەکانیش هۆبەی دەبێت.
سابیر عەبدوڵا وتیشی، “ئەو هۆبەیە هەیکەلەکەی تەواو بووە و دوو رۆژە نووسراوی کردنەوەکەی گەیشتووەتە نووسینگەکان و دەبێت نووسینگەکانیش کاری بۆ بکەن، کە تایبەت دەبێت بە بەدواداچوون و ئاگاداربوون لە رەوشی منداڵان لە هەر شوێنێک بن”.