هۆکارەکەی چییە؟

لە خورماتوو ئەو نوسینگانەی کاری حەواڵە دەکەن دەستگیر دەکرێن

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لە قەزای دوزخورماتوو ئەو نوسینگانەی کاری حەواڵەی پارە دەکەن دەستکیردەکرێن، لەلایەن هێزێکی تایبەتەوە کە لە بەغداوە هاتوون چاودێری دەکرێن.

رۆژی چوارشەممە، بەهاوکاری پۆلیسی خورماتوو، هێزێکی تایبەت بە ئاسایشی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەغداوە گەشتنە دوزخورماتوو بۆ چاودێری کردنی نوسینگەکانی حەواڵە.

یادگار سەڵاح خاوەن نوسینگەی حەواڵە لە خورماتوو بە964ـی وت، ئەمڕۆ هێزێکی تایەت هاتووەتە سەر نوسینگەکان و هەر خاوەن نوسینگەیەک حەواڵەی پارەی هاوڵاتی ناردبێت دەستبەجێ دەستگیردەکرا.

وتیشی، لە ماوەکانی پێشوودا لەلایەن هەمان هێزەوە ئاغادارکراونەتەوە کە نابێت پارەی هاوڵاتی بەحەواڵە بنێرنە شارەکانی دیکە، چونکە ئەو هێزە پێی وایە لەو رێگەیەوە تیرۆریست و کەسانی تاوانبار لێی سوودمەند دەبن، چونکە ئەوان ناتوانن بەناوی خۆیانەوە هەژمار دروستبکەن بە ناچاری لەرێگەی حەواڵەی نوسینگەکانەوە سوود بەیەکتر دەگەیەنن.

عەمید حسێن عەلی بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتی دوزخوماتوو بە 964ـی وت، پێشتریش چەند جارێک ئاگادار کراونەتەوە کە کاری حەواڵە قەدەغەیە، بۆیە ئەمڕۆ بەهاوکاری ئەو هێزانە یەکێک لە خاوەن نوسینگەکانی حەواڵەیان لەقەزاکە دەستگیرکرد، چونکە گومانیان لێی بووە و دوای گەڕاندنەوەی کامێرای چاودێری لەنوسینگەکەیەوە بۆیان دەرکەوتووە کاری حەواڵەی کردووە و ئەو کەسەش کە پارەکەی لەرێگەی نوسینگەکەیەوە ناردووە داواکراو بووە، بۆیە دەستبەجێ خاوەن نوسینگەکە دەستگیرکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی کە ئێستا پارەی حەواڵە دەنێرن بۆیەکتر هەژماری تایبەتی خۆیان هەیە، تەنیا ئەو کەسانە نەبێت نیانە کە تاوانبارن و داواکراون و ناتوانن هەژمار بەناوی خۆیانەوە دابنێن چونکە لەو رێگەیەوە دۆزینەوەیان ئاسان دەبێت.

لەقەزای دوزخورماتوو زیاتر لە 100 نوسینگەی حەواڵە هەیە، لەئێستادا چاودێری چڕیان خراوەتە سەر و هەرکەسێک پێچەوانەی بڕیارەکە بکات دەستگیردەکرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

تێچووی حەواڵە لە بانکەکان زیادیکرد

تێچووی حەواڵە لە بانکەکان زیادیکرد