دەنگێکی گەورە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بیسترا
“لێدوانی جیاواز له بارهی دهنگە گهورهکەی کێڵگەی کۆرمۆر دەدرێت”
+964
هۆگر عەدنان -چەمچەماڵ
کاتژمێر نۆ و نیوی بەیانی ئەمڕۆی هەینی 13ـی كانوونی دووهم، دەنگێکی بەهێز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بیستراوە و بەرپرسانی ئەمنی ئەو ناوچەیەش دەڵێن، هێشتا روون نییە ئەو دەنگە چی بووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ناحیەی قادر کەرەم، بە 964+ی راگەیاند “ئەو دەنگە مووشەکێک بووە لە نێوان بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە و کێڵگەی کۆرمۆر کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی مادی و گیانی نەبووە”.
رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ، بە 964+ی راگەیاند “جارێ دیار نییە هۆکاری دەنگەکە چییە، بەڵام دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە لە کاتژمێر نۆ و نیو سەرلەبەیانی و هیچ زیانی مادی و گیانی نەبووە، کرێکارەکان لەسەر کاری خۆیان بەردەوامن”.
سەبارەت بەم رووداوە، پەیوەندیمان کرد بە بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی گشتیی پۆلیسی چەمچەماڵ، ئەو بێ ئاگایی خۆی لە رووداوەکە راگەیاند.
بەڕێوبەری پۆلیسی ناحیەی قادر کەرەم، ئازەر شوانی، قسەی بۆ 964+ کرد دەڵێت “ئەمڕۆ پشووە لە دەوام نیم، پەیوەندیم بە ئەفسەری ئێشکگرەوە کرد، بەڵام ئەو وتی هیچ دەنگێکم نەبیستووە”.
بۆ دەستخستنی زانیاری زیاتر، چەند جارێك پەیوەندیمان بە حاکم سدیق باوەیی، بەڕێوبەری ناحیەی قادر کەرەم كرد، بەڵام پەیوەندیەکەی بەردەست نەبوو.
له ماوهی پێنج مانگی رابردوو، پێنج جار به مووشهك هێرشكراوهته سهر كێڵگهی غازی كۆرمۆر، بهڵام هی ئهمجارهیان هێشتا پشتڕاست نهكراوهتهوه مووشهك یان تهقینهی شتێكی دیكه بووه و بیڕوڕای جیاواز ههیه.