باڵەخانەی تایبەتمەندی دەوێت

رێکارەکانی دروستکردنی ناوەندی بەڵگەنامەی نیشتمانی دەستپێدەکات

964+
ئەحمەد مستەفا

لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، تاوتوێی رێکارەکانی دامەزراندنی “ناوەندی بەڵگەنامەی نیشتمانی” كرا و رێکارەکانی دامەزراندنی لە دابینکردنی باڵەخانەیەکی تایبەتمەندەوە دەستپێدەکات.

دامەزراندنی ئەو ناوەندە نیشتمانییە، یەک پاکێجە لەگەڵ جێبەجێكردنی دەقی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2022ی پەرلەمانی كوردستان، “یاسای پاراستنی بەڵگەنامەی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان – عێراق”، كە ئەركی دامەزراندنی ناوەندەكەی بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان سپاردووە.

بە گوێرەی بڕگەی یەكەمی ماددەی پێنجەمی یاساكە، وەزیری رۆشنبیری و لاوان سەرۆكایەتی ئەنجومەنێك دەكات بۆ رێكخستن و پلاندانان و جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەكان تێیدا ئەندام دەبن، لەوانە، (وەزارەتی خوێندنی باڵا، پەروەردە، شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەوقاف، شەهیدان و ئەنفالكراوان و فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان).

بە قسەی نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی بێت بۆ 964، بە پێكهێنانی (ناوەندی بەڵگەنامەی نیشتمانی هەرێمی كوردستان – عێراق)، هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی ناوەندێكی نیشتمانی بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەنامە و دەستنووس و پاراستنی ئەرشیفی كوردستان.

بە قسەی وتەبێژی وەزارەتەکە بێت، وەزیر محەمەد حەمەسەعید لە کۆبوونەوەکەدا وتویەتی، پێویستە لەسەر بنەمای ستانداردی نێودەوڵەتی كار بۆ بنیاتنانی ئەو ناوەندە و رێكارەكانی كۆكردنەوە و پاراستنی بەڵگەنامەكان بكرێت و لە سەرەتاوە دەبێت باڵەخانەی ناوەندەكە تایبەتمەند بێت بەو بوارە و هەموو رێكارێكی پیویست بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی ئەرشیڤ و بەڵگەنامەكان.

لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک ناوەند هەن بۆ پاراستن و سۆراغکردنی بەڵگەنامە، لەوانە ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی کە سەر بە زانکۆی سلێمانییەوە و دەیان دەنووس و بەڵگەنامەی تێدا پارێزراوە، تەنانەت ژمارەیەکیان بە ئەلیکترۆنی کراون.

کوردستان دەبێتە خاوەنی کتێبخانەی نیشتیمانی

کوردستان دەبێتە خاوەنی کتێبخانەی نیشتیمانی

بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی ئەمساڵ ئاوەدانە

بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی ئەمساڵ ئاوەدانە

وەزارەتی رۆشنبیری پرۆژەیەکی وەرگێڕان جێبەجێدەکات

وەزارەتی رۆشنبیری پرۆژەیەکی وەرگێڕان جێبەجێدەکات

زانکۆی هەڵەبجە کیمیابارانەکە دەکات بە دیجیتاڵی

زانکۆی هەڵەبجە کیمیابارانەکە دەکات بە دیجیتاڵی