964 سۆراخی کردووە

ئایا هیچ ئاسەوارێک لە باخچەی ناو بازاڕی هەڵەبجە دۆزراوەتەوە؟

964+

عومەر فەتاح ـ هەڵەبجە

دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە گوایە لەکاتی کارکردن لە باخچەی ناو بازاڕی هەڵەبجە ئاسەوار دۆزراوەتەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکان و قسەی بەرپرسان دەرکەوتووە هیچ پارچە ئاسەوار و شوێنەوارێکی مێژوویی تائێستا نەدۆزراوەتەوە.

نزیکەی هەفتەیەکە لەناو بازاڕی هەڵەبجە باخچەیەکی نوێ دروستدەکرێت، کارەکە لە لایەن شارەوانیی شارەکەوە ئەنجام دەدرێت، پەیامنێری 964 سۆراخی کرد بۆ ئەو بابەتەی بزانرێت شوێنەوار دۆزراوەتەوە یان نا.

ئەمڕۆ شەممە 11.5.2024 سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند،  چەند کەسێک پێیان راگەیاندین شوێنەوار لەو ناوچەیە هەیە، ئێمەش داوامانکردووە تیمێکی شارەزا سەردانی شوێنەکە بکەن، چونکە شوێنەوار لەتایبەتمەندی ئێمە نییە.

لەکاتی سەردانی مەیدانی پەیامنێری 964 بۆ باخچەکە، کارکردن بەردەوام بوو ئەو کەسانەشی سەرقاڵی کارەکەبوون وتیان هیچ شوێنەوارێکمان نەدۆزیووەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەڵەبجە چەند جارێک سەردانی مەیدانیان کردووە بۆ شوێنی باخچەکە، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە شوێنی ئەو باخچەیە هیچ شوێنەوارێکی مێژوویی تێدانییە و لای ئەوان تۆمار نەکراوە.

کاروان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەڵەبجە بە 964ـی وت، ئەوەی باس دەکرێت تەنیا قسەی ناوخەڵکە، چونکە تائێستا هیچ بەڵگەیەک نەدۆزراوەتەوە ئەوشوێنە ئاسەواری تیادابێت، یاخود شوێنەواری مێژوویی بێت، شارەوانیش تەنیا کاریان لەرووکاری زەویەکە کردوەو مەترێکیان قوڵکردوەو ئاسەوار هەبێت لەقوڵایی چەند مەترێکدایە.

بەپێی ئامارەکان لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە زیاتر لە 200 جێگاى شوێنەوارى دێرین و ئاسەواری مێژوویی هەیە کە بە سەدان پارچە ئاسەوارى بەنرخیان تیادا دۆزراوەتەوە و لای بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار تۆمارکراون.

پێداچوونەوە: توانا نەقی