جوتیاران مه‌ترسییان بۆ دروستبووه
ئاگادارى جگه‌ره‌كێشه‌كان ده‌كرێته‌وه وریابن ده‌غڵودانى هاوڵاتیان نه‌سوتێنن
964+
فەرهاد حەسەن
به‌پێی به‌داوداچوونه‌كانى 964 به‌شێكى سۆشیاڵ میدیاى گوند و ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستان، مه‌ترسی ئاگركه‌وتنه‌وه‌یان له به‌رهه‌مى دانه‌وێڵه‌كانیان دووپاتكردووه‌ته‌وه به‌هۆى فڕێدانى جگه‌ره‌وه.
جوتیاران مه‌ترسییان لێنیشتووه، كه ئێستا كاتى دروێنه‌ى گه‌نم و جۆ‌كانیانه، به‌ڵام ده‌ترسن به‌هۆى پریشكى ئاگرى ئه‌و جگه‌رانه‌ى له ئۆتۆمبێله‌كان فڕێده‌درێن، ره‌نج به‌خه‌ساریان بكات.
ساڵانى رابردوو زۆر حاڵه‌تى كه‌وتنه‌وه‌ى ئاگر له كێڵگه‌ى گه‌نم و جۆ و دانه‌وێڵه‌كان، هۆكاره‌كه‌ى فڕێدانى جگه‌ره بووه.
بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی، هه‌مان ئه‌و پۆسته‌ى جوتیارانى ئه‌و گوندانه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه كه مه‌ترسی ئاگركه‌وتنه‌وه‌یان به‌هۆى جگه‌ره‌وه هه‌یه.
له پۆسته بڵاوكراوه‌كه‌دا، تکا له جگەرەکێشه‌كان كراوه، لەم وەرزی پێگەیشتنی دانەوێڵەدا زۆر ئاگادار بن لە ئۆتۆمبێل و لەسەر ماتۆڕەوە، جگەرە بە نەکوژاوەیی فڕێ نەدەن، چونکە ده‌ڵێن “گەنم و جۆ وشک بوون، بۆئەوەی ماڵی کەس وێران نەبێت و رەنجی ساڵێکمان بەفیڕۆ نەچێت”.