ئیدارەی راپەڕین زۆرترین بارانی لێ دەبارێت

حکومەتی هەرێم دەڵێت لافاو بەڕێوەیە

964+

فەهمی نەبی

حکومەتی هەرێم لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی رایگەیاندووە، بەهۆی بارانی زۆر و ئەگەری روودانی لافاو لە درەنگانی ئەمشەو و رۆژی سێشەممە 19.3.2024 بارودۆخی كەشوهەوای هەرێمی كوردستان سەخت دەبێت.

حکومەتی هەرێم پاڵپشت بە زانیارییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆن و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، ئەو زانیارییانەی بڵاوکردوەتەوە، لە درەنگانی ئەمشەو دووشەممە و سبەی سێشەممە شەپۆلێکی بەهێزی باران بەڕێوەیە و زۆرترین رێژەی دابارین لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەبێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.

دەزگای کەشناسی پێشبینی رێژەی باران بارینی لەناوچە جیاوازەکان کردووە بەمجۆرەیە:

لە هەولێر رۆژی سێشەممە کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ باران دەستپێبکات و تا کاتژمێر 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، پێشبینی دەکرێت 40 ملم باران ببارێت.

لە سلێمانی پێشبینی دەکرێت لەدوا نیوەڕۆی سێشەممە، تاكو چوارشەممە 40 تا 55 ملم باران باران ببارێت.

لە دهۆك پێشبینی دەکرێت لە ئەمشەوەوە تا رۆژی سێشەممە 70 ملم باران ببارێت.

لە  هەڵەبجە پێشبینی دەکرێت 30 تا 35 ملم باران ببارێت، لە دوای نیوەڕۆی سێشەممە تاكو چوارشەممە.لە ئیدارەی گەرمیان پێشبینی دەکرێت 30 تا 40 ملم ببارێت لە دوای نیوەڕۆی سێشەممە تاكو چوارشەممە.

لە ئیدارەی زاخۆ، پێشبینی بارینی 80 ملم باران دەکرێت لەدرەنگانی ئەمشەو دووشەممە، تاكو شەوی سێشەممە.

لە ئیدارەی سۆران پێشبینی دەکرێت 60 ملم باران ببارێت لە بەرەبەیانی سێشەممە، تاكو درەنگانی شەوەكەی.

لە ئیدارەی راپەڕین پێشبینی دەکرێت 85 ملم باران ببارێت، لە دوای نیوەڕۆی سێشەممە، تاكو چوارشەممە.