13 ساڵە ژینگەپارێزە

بە یەک دەست پاشماوەی خەڵک پاکدەکاتەوە

964+
بڕوا مەجید – شارەزوور

یوسف عەزیم، دانیشتوویەکی قەزای شارەزوورە و تەمەنی 67 ساڵە و ماوەی 13 ساڵە لە کۆمپانیایەکی پاککردنەوەی شارەکە کاردەکات، ئەوەی چیرۆکی ئەوی جیاواز کردووە، نەبوونی یەکێک لە دەستەکانیەتی.

یوسف عەزیم، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا بەهۆی بۆمبارانکردنی گوندەکەیان لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە دەستێکی لەدەستداوە، بەڵام وا ساڵانێکە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی سەرقاڵی کاری ژینگەپارێزییە و رۆژانە کاتژمێر 7:00ی بەیانی دەچێتە سەرکارەکەی.

ئەو سەرەتا، سەرقاڵی کۆکردنەوەی زبڵ، پاشماوە و خواردنانە دەبێت، کە لەلایەن بەشێک لە هاوڵاتییانەوە لەسەر شەقامەکان فڕێدەدرێن، دواتر خۆڵ و خاشکی بن شۆستەکان گسک دەدات، ئەو لێهاتووە لە کارەکەیدا، سەرەڕای نەبوونی دەستێکی بەڵام نازناوی زیرەکی لەلایەن کۆمپانیا و قایمقامیەتی شارەکەوە وەرگرتووە.

ئەو ژینگەپارێزە دەڵێت، من خاوەن پێداویستی تایبەتم، دەستێکم نییە، منداڵ بووم رژێمی پێشووی عێراق  تۆپبارانی گوندەکەمانی کرد و پارچەی گولەتۆپێک بەردەستم کەوت و دەستێکم نەماوە، جگە لە موچەی ئەم کارە هیچ موچەیەکم نییە، بژێوی ژیان و پێداویستی خۆم و ماڵ و منداڵم دابین بکات، بۆیە بە ناچاری ئەم کارە دەکەم.

موچەی ژینگەپارێزییەکەی 280 هەزار دینارە، هاوژینەکەیە و دوو کچ و کوڕێک چاوەڕوانی بەرهەمی دەستە ماندووەکەی ئەون، ئەو دەگێڕێتەوە و دەڵێت، کاتی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، حکومەتی عێراق گەنجەکانی کۆکردەوە بیانبات بۆ سەربازی و منیشیان برد، بەڵام لیژنەی تەندروستی رەزامەندی نەدا، بەو هۆیەشەوە بەهۆی دەستمەوە نەچووم بۆ سەربازی.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا