لە رێگای گوندەکەیان

هاوڵاتییانی دوو گوندی پێنجوێن 600 نەمامی توویان چاند

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

هاوڵاتییانی هەردوو گوندی مەسۆ و هەڵاڵاوای سەربەقەزای پێنجوێن بەر لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەڵمەتێکی چاندنی نەمامیان دەستپێکردو هەنگاوی یەکەم 600 نەمامی توویان چاند.

خالید محەمەد بەشداربوو لە هەڵمەتەکەدا بە 964ی راگەیاند، نزیکەی 50 کەسێک دەبن و لە کاتژمێر 10ی بەیانییەوە سەرقاڵن بە ناشتنی نەمامەوە و رەنگە نزیکی کاتژمێرێکی دیکەیان بچێت تاوەکو تەواو بن.

ئەو هاوڵاتییە دەڵێت، جگە لە خۆبەخشانی گوند، ئەندامانی گروپی نەمام و رێکخراوی ملەکەوە بەشدار بوون هاوکات نەمامەکان لەسەر ئەرکی حاجی حەبیب سەرمایەداری پێنجوێن دابینکراوەو زانا رەحمان قایمقامی پێنجوێن هاوکاریان بووە.

ماوەی نزیکەی پێنج ساڵە گروپی نەمام لە پێنجوێن سەرقاڵی پرۆژەی نەمام ناشتنن و تا ئێستا زیاتر لە 24 هەزار دار توویان لە قەزای پێنجوێن چاندووە.

غەریب پێنجوێنی ئەندامی گروپی نەمام لە لێدوانێکی پێشتریدا بە 964ی راگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی دار توو تەمەنی تا 500 ساڵ دەچێت و بەرگەی گەرما و سەرما و بێ ئاوی دەگرێت و بەرهەمێکی باشی هەیە، بۆیە بڕیارمانداوە لەو ناوچەیە زۆرترین ئەو دارانەی دەیچێنین داری توو بێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی