22 هاوڵاتییەکە لای پۆلیسی پاسەوانی سنوور - وێنە: پایجی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک لە فەیسبووک
بەنیازی چی بوون؟
22 کەسی هەڵگری رەگەزنامەی پاکستانی لە سنووری سلێمانی دەستگیر کران
964+
پێشەوا محەمەد
لە سنووری ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور لە پارێزگای سلێمانی، 22 کەس کە خەڵکی پاکستانن دەستگیر کران، “ویستوویانە بە قاچاخ سنووری هەرێم و عێراق ببڕن”.
ئەمڕۆ شەممە 16.3.2024، فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، ئەوانەی دەستگیرکراون لەلایەن مەفرەزەیەکی فەوجی دووی لیوای سێ بووە.
لە راگەیەندراوەکەی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەکدا ئەوەش هاتووە، “دەستگیرکراوەکان ویستوویانە بەنایاسایی بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق، دوای دەستگیرکردنیان رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون”.
فەرماندەیی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک، بەشێک لە هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق پێکدەهێنێت و ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیان لە ئەستۆدایە.
هەفتەی رابردووش لە هەمان سنوور 42 هاوڵاتیی بیانی دەستگیر کران، کە ویستبوویان لە وڵاتی ئێرانەوە سنووری هەرێم و عێراق بە شێوەی نایاسایی ببڕن.