"بەتەنیا جێى مەهێڵن"

36 ساڵ بەسەر کارەساتى کیمیابارانکردنى هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت

964+

وریا فەتاح

لە کۆتایى زستانى 1988 و لە رۆژى 16ـى ئادار، شارى هەڵەبجە لەلایەن رژێمى پێشووى عێراقەوە کیمیاباران کرا و پێنج هەزار کەس بەهۆیەوە لە چەند چرکەساتێکدا گیانیان لەدەست دا.

بەهۆى کارەساتەکەوە نزیکەى 10 هەزار کەسیش بریندار بوون و بەشێکیان تائێستاش بەرکەوتەى ئەو چەکە قەدەغەکراوەن و ژیان لەگەڵ ئازاردا بەڕێدەکەن، جگە لەوە بە هەزاران کەسى دیکە شارەکەیان جێهێشت و بەرەو ئێران رۆیشتن و ژمارەیەک کەسیش تائێستا بێسەروشوێنن، بە تایبەت ئێستاش لێرە و لەوێ منداڵى ونبووى هەڵەبجە دەدۆزرێتەوە.

بەپارێزگابوونى هەڵەبجە

رۆژی 5.2.2015 لە هۆڵى مۆنۆمێنتى شەهیدان لە هەڵەبجە، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د سادق، سه‌رۆكی ئەوکاتى په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنی ژماره‌ 2ـى نائاسایی ساڵی دووه‌می خولی چواره‌مى پەرلەمان به‌ڕێوه‌چوو کە تێیدا یاساى ئیدارەى پارێزگاى هەڵەبجە پەسەند کرا.

لە رێکەوتی 13.3.2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای پارێزگای ھەڵەبجەی پەسەند کرد، رۆژی 2ی نیسانیش ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەکە کرد.

دواتر لە رۆژی 4.5.2023 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاساکە تەواو کرد و پێشنیاری ژمارەیەک پەرلەمانتاری خستەڕوو، کە داوای دابینکردنی بودجەیەکیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوی دەکرد.

تائێستا زیاتر لە حەوت جار، دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە دواخراوە، لە کاتێکدا بڕیار بوو لە 2023دا، پڕۆژەکە لە پەرلەمانەوە دەنگى لەسەر بدرێت.

پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونى هەڵەبجە لە چوار مادە پێکهاتووە، یەکەم مادە باسی بەپارێزگابوونى هەڵەبجە دەکات وەک نۆزدەیەمین پارێزگاى عێراق کە ناوەندى پارێزگاکە شارى هەڵەبجە دەبێت، مادەى دووەمیش ئاماژەى بەوە داوە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان سنوورى یەکە ئیدارییەکانى پارێزگاکە دیاری بکات.

موسەنا ئەمین، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە 964ـى وت،”دواخستنى دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە، زیاتر لە بەر هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان بوو، دواى هەڵبژاردن دەبوایە دەنگى لەسەر بدرایە، بەڵام لادانى حەلبوسى لە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان و بایکۆتى سوننەکان هۆکارى سەرەکین کە تائێستا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە نەدراوە”.

ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى نوێنەران پێى وایە، بەپارێزگابوونى هەڵەبجە زۆر شت دەگۆڕێت، بە تایبەت بوودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان کە هەڵەبجە لێى سودمەند دەبێت و دەیان بەڕێوەبەرایەتیش دەکرێنەوە و دەرفەتى کارى زیاتر بۆ خەڵکەکەى دەڕەخسێنرێت.

“خاڵى سەرەکى لە بەپارێزگابوونى هەڵەبجەدا ئەوەیە کە شارەکە لەرووى دێموگرافییەوە ئامادەنییە بۆ بەپارێزگابوون، بەڵام بەپارێزگابوونى لە قەرەبووى کیمیابارانکردنییەتى ئەوەش داننانە بە زوڵمکردن لە شارێکى هەرێمى کوردستان لە لایەن رژێمى پێشووى عێراقەوە”، موسەننا ئەمین واى وت.

موسەننا ئەمین جەخت دەکاتەوە، لە 2024دا، بەتایبەت دواى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان، دەنگ بە پڕۆژە یاساى بە پارێزگابوونى هەڵەبجە دەدرێت و شارەکە دەبێتە 19ـەمین پارێزگاى عێراق.

پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاسای بەپارێزگابو...

پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرد