خۆپیشاندانی شۆفێران بەردەوامە
رێگای سەرەکی پێنجوێن داخرا
964+
کامیار کەمال_ پێنجوێن
بەهۆی خۆپیشاندانی شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەنەوە لە ئێستادا رێگای سەرەکی پێنجوێن لە ملەکەوە داخراوە.
بە سەدان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و تایبەت وەستاون و هاتوچۆ پەکی کەوتووە.
شۆفێرێکی مەرزی باشماخ بە 964ی راگەیاند، شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن رێگایان گرتتووە و ئەو ئاستەنگیەیان دروستکردووە.
ئەمڕۆ سەندیکای عەلوە و نوێنەرانی مەرزی سەیرانبەن و باشماخ لە نێوان خۆیاندا کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و سەروەر محەمەد سەرۆکی سەندیکا دوای تەواوبوونی کۆبونەوەکە بە 964ی راگەیاند، کۆبوونەوەکەیان بێ ئەنجام بووە و دەبێت بەردەوام بن تا دەگەنە رێککەوتن.
لەلایەکی دیکەوە شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن دەڵێن نزیکی 100بار میوەیان گیری خواردووە و رێگایان لێگیراوە لەلایەن شۆفێرانی مەرزی باشماخ.
ماوەی 10 رۆژە شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن لە دەروازەی قەزای پێنجوێن گردبوونەتەوە و داوادەکەن بڕیاری گواستنەوەی بارەکانیان بۆ مەرزی باشماخ هەڵوەشێتەوە بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.