100 شوێن

بۆ سێیەم جار مەنهۆڵەکانی تەق تەق پاککراونەوە

964+
بەرزان عوسمان – دوکان

شارەوانی تەق تەق قۆڵی لێهەڵماڵیوە و ئەمساڵ ئەوە سێیەم جارە 100 مەنهۆڵی ناو تەق تەق پاک دەکاتەوە بۆ رێگری لە دروستبوونی لافاو، شارەوانی دەڵێت شەپۆلێکی باران بەڕێوەیە و بەشێکی زۆریان پاشماوەی خواردن لەناویان کەڵەکە بووە.

نەمر نیازی، سەرۆکی شارەوانیی تەق تەق بە 964ی راگەیاند، خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵەکان بۆ رێگریکردنە لە هەر حاڵەتێکی لەناکاوی لافاو لە کاتی باران بارین چونکە بەپێی پێشبینیەکانی کەشناسی لە رۆژانی داهاتوو شەپۆلێکی بەهێزی باران بارین بەڕێوەیە، بۆ زەرەرمەندنەبوونی هاوڵاتیانی سنووری شارەوانییه‌كه‌مان ئەو هەڵمەتەمان دەستپێکردووە”.

ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا زیاتر لە 100 شوێن لە ئاوەڕۆ پاککراوەتەوە، ئەو هەڵمەتانە زیاتر لە سێ ملیۆن و 500 هەزار دیناری تێچووە، کە بەهۆی پاشماوەی رۆژانەی هاوڵاتیانەوە پڕ بوونەتەوە.

بەوتەی سەرۆکی شارەوانی تەق تەق، ئەو هەڵمەتانە وایانکردووە لەرابردوو ئەگەرچی شەپۆلی بارانی بەخوڕ هەبووە، بەڵام هیچ ماڵێک لەو سنوورە زیانی بەر نەکەوتووە، داواش لە خەڵکی ناحیەکە دەکات پاشماوەی خواردن نەخەنە ناو مەزراکان، کاری ئەوان قورس دەکات.

ناحیەی تەق تەق سەربە قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر، لە حەوت گەڕەک پێکدێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 38 هەزارکەس دەبێت.

دیسان پردەکەی تەقتەق تەقەی تێکەوت

دیسان پردەکەی تەقتەق تەقەی تێکەوت