دزینی میوە و پسکیت چوار کەسی دا بە گرتن

+964

هونەر فارس – گەرمیان

لە ناحیەی رزگاری، چوار کەس دەستگیرکراون لەسەر دزینی میوە و پسکیت، سەرچاوەیەکی ئاسایش دەڵێت “ئەو کەسانە بارودۆخی داراییان خراپ نییە”.

بەشێک لە دوکاندارانی ناو بازاڕی ناحیەی رزگاری، ماوەی هەفتەیەک بوو سكاڵایان لای ئاسایش کردبوو. ئەوان وتویانە درەنگی شەوان دوای داخستنی دوکانەکانیان، میوە و پسکیتیان لێ دەدزرێت.

دوای سکاڵاکە، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، ئاسایشی رزگاری لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە ئەو کەسانەی دۆزیەوە و دەستگیری کردن.

ئەو تۆمەتبارانە سەرجەمیان تەمەنیان 18 ساڵە و دوای دەستگیرکردنیان وتویانە سێجار میوە و پسکیتیان دزیوە.

سەرچاوەیەک لە ئاسایشی ناحیەی رزگاری بۆ +964 قسەی کرد و وتی “ئەو تۆمەتبارانە، بەپێی ماددەی 443 دەستگیرکراون، هیچیان باری داراییان خراپ نییە”.

تۆمەتبارەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و دۆسیەکەیان رادەستی ناحیەی رزگاری کراوە.