964 سۆراغى ده‌كات

36 ساڵه‌ 13000 كتێبی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ئێران نه‌گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لەرۆژەکانی دوای کیمابارانی هەڵەبجەوە کە دەبێتە 36 ساڵ، زیاتر له‌ 13 هه‌زار كتێب له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ براونه‌ته‌ كۆمارى ئیسلامی ئێران و تا ئێستا نه‌گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌.

له‌ 16.3.1988 له‌كاتى بۆردومانكردنى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى پێشووى عێراق، ئه‌و كتێبانه‌ براونه‌ته‌ ئه‌م وڵاته‌.

عومه‌ر محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى كتێبخانه‌ى گشتى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ 964ـى وت، ئه‌م كتێبانه‌ له‌كاتى كیمیابارانكردنه‌كه‌ى له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ براون بۆ وڵاته‌كه‌یان.

وتیشی “كاتى خۆى ته‌نیا 250 كتێب له‌لایه‌ن د. كه‌مال فۆئاده‌وه‌ هێندراونه‌ته‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌”.

د.كه‌مال فوئاد كه‌سایه‌تییه‌كى دیارى سیاسیی و رۆشنبیری بووه‌ له‌ دواى ساڵى 1997 جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیداره‌ى سلێمانى بوو و له‌ ساڵى 2014 كۆچی دوایی كردووه‌.

به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى كێبخانه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌و كتێبانه‌ى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ براون له‌ له‌ كتێبخانه‌ى ناوچه‌یه‌ك به‌ناوى (سه‌حنه‌) له‌ شارى كرماشان داندراون.

ئاشكراشی كرد، چه‌ندین جار لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و وه‌زاره‌تى رۆشنبیریان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ داوایان كردووه‌ ئه‌م كتێبانه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت “تا ئێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 پێشتر خالید دۆسكی وه‌زیرى پێشووترى رۆشنبیری حكومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌و ئاگادارى ئه‌م بابه‌ته‌یه‌ و چه‌ندین جاریش له‌لایه‌ن گه‌نجان و رۆشنبیرانى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ داواى لێكراوه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌م كتێبانه‌، به‌ڵام تا ئه‌وكات هیچ هه‌وڵێكیان نه‌داوه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان و وتبووشی “له‌داهاتوو هه‌وڵى گه‌ڕاندنه‌وه‌یان ده‌ده‌ین”.

ساڵى 2015 له‌لایه‌ن گه‌نجێكی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ به‌ناوى دلاوه‌ر بامۆكی واژۆى پێنج هه‌زارى كه‌س له‌ خه‌ڵك هه‌ڵه‌بجه‌ كۆكرایه‌وه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌م كتێبانه‌ و ته‌واوى ئه‌و واژۆیانه‌شی پێشكه‌شى كونسڵخانه‌كانى ئێران له‌ هه‌ولێر و سلێمانى كرد و بۆ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هه‌رێمیشی ناردبوو.

عومه‌ر محه‌مه‌د ده‌ڵێت، به‌شێك له‌و كتێبانه‌ى ئێرانییه‌كان بردوویانه‌ كتێبی زۆر ده‌گمه‌نن و له‌ كتێبخانه‌كانى هه‌ولێر و سلێمانیشدا نییه‌ و كتێبخانه‌كه‌شیان تا پێش بۆردومانه‌كه‌ى ساڵى 1988 له‌دواى كتێبخانه‌ى گشتى به‌غدا، دووه‌م گه‌وره‌ترین كتێبخانه‌ى عێراق بووه‌.

ئێستا كتێبخانه‌ى گشتى هه‌ڵه‌بجه‌ زیاتر له‌ 100 هه‌زار سه‌رچاوه‌ى جیاجیاى تێدایه‌ كه‌ زۆربه‌یان كوردین و به‌شێك له‌وانى دیكه‌ش عه‌ره‌بى، فارسی و ئینگلیزین، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رى كتێبخانه‌كه‌ هێشتا چاویان له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م كتێبانه‌ن كه‌ له‌ ئێران و ده‌ڵێت “به‌گه‌ڕاندنه‌وه‌یان كتێبخانه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن”.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵى ئیداره‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌م كتێبانه‌، 964 چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندی به‌ ئازاد تۆفیق پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ كرد، به‌ڵام موبایله‌كه‌ى داخرابوو.

به‌شى راگه‌یاندنى ئه‌م كتێبخانه‌یه‌، له‌و پارچه‌ ڤیدیۆیه‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، گه‌ڕانێكیان به‌ناو به‌شه‌كانى كتێبخانه‌ى گشتى هه‌ڵه‌بجه‌ كردووه‌ و به‌شه‌كانمان پێده‌ناسێنن.

بە پێنج هەزار ناونیشان زانکۆی هەڵەبجە دەیەوێت خوێنداک...

بە پێنج هەزار ناونیشان زانکۆی هەڵەبجە دەیەوێت خوێنداکاران بە کتێب ئاشت بکاتەوە