لۆگۆی رێکخراوی هەنگاو.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان
ژنێک لە لایەن هاوسەری پێشوویەوە کوژرا
964+
پێشەوا محەمەد
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کوژرانی ژنێکی لە لایەن هاوسەری پێشوویەوە بڵاوکردووەتەوە، کە دوێنێ یەکشەممە لە ئورمییە کوشتنەکە ئەنجام دراوە.
ژنەکە ناوی “ز.س” بووە و 27 ساڵ تەمەنی بووە، بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوی هەنگاو، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی مرۆڤ دەکات لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوسەری پێشووی ئەو ژنە لە هەمانکاتدا ئامۆزاشی بووە.
ئاماژە بەوەش دراوە، بەهۆی کێشەی خێزانییەوە ماوەی 10 رۆژ بووە ئەو دوو هاوژینە لە یەکتری جیاببوونەوە.
“ئەو ژنە لە فێرگەیەکدا تازە ناوی خۆی نووسیبوو، لە شەقامی عەماری ئورمییە بە بەرچاوی فێرخوازەکانی تری ئەو فێرگەیەوە هاوژینەکەی تەقەی لێکردووە و کوشتوویەتی”، راگەیەندراوی رێکخراوەکە وادەڵێت.
زانیارییەکان ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، تا ئێستا بکوژی ئەو ژنە کە هاوسەرە کۆنەکەیەتی دەستگیر نەکراوە و “بۆ شوێنێکی نادیار رایکردووە”.