پێنجوێن
شۆفێرانى مەرزى تەوێڵە دەنگى خۆیان خستە پاڵ شۆفێرانى مەرزى سەیرانبەن
964+
کامیار کەمال _ پێنجوێن
لەگەڵ شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەندا، شۆفێرانی مەرزی تەوێڵە، لە دەروازەی قەزای پێنجوێن گردبوونەتەوە و ناڕەزایی دژی بڕیاری گواستنەوەی بارەکانیان بۆ مەرزی باشماخ دەردەبڕن.
ماوەى هەشت رۆژە، شۆفێرە بارهەڵگرەکانى مەرزى سەیرانبەن دژى بڕیارى گواستنەوەى بارى میوە بۆ دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ لە دەروازەی پێنجوێندا ماونەتەوە و خێمەیان هەڵداوە.
هادی محەمەد، شۆفێرێکى بارهەڵگرى مەرزی تەوێڵەیە و قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ماوەی هەشت شەو و رۆژە لە دەروازەی قەزای پێنجوێنین، بەڵام تا ئەمڕۆش هیچ کەس نەهاتووە بەدەم داواکارییەکەمانەوە و وەڵام نەدراونەینەوە.
بەپێى لێدوانێکى پێشوى ئومێد عەلى، ئەنجومەنى مەرزى سەیرانبەن کە بۆ 964 قسەى کردبوو،”ھۆکاری گردبوونەوەی شۆفێرەکان ئەوەیە، لە 2014 کۆمەڵێک بارهەڵگر کە ژمارەیان 89 بارهەڵگرە و هى خاوەن دووکانەکانى عەلوەى سلێمانین، لە مەرزى باشماخەوە بارى میوەیان دەگواستەوە، بەڵام ئەوکات شۆفێرانى مەرزەکە لە دژیان گردبوونەوە و سەرجەمیان رەوانەى مەرزى سەیرانبەن کران”.
بەپێى رێککەوتنى نێوانیان، ئەو ئۆتۆمبێلانە دوو باریان دەهێنا بۆ مەرزەکە، دەبوو یەکێک خۆیان بیبەن و ئەوانى تریش ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانى مەرزەکە بیگوازنەوە، بەڵام وەک ئەوەى ئومێد عەلى باسى دەکات، ئەمەش سەرى نەگرت و لە 14.2.2021 بڕیاردرا بە دابەشکردنى ئەو 89 ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە بەسەر مەرزەکاندا.
وەک ئەوەى ئەنجومەنەکە بە 964ـى وت،”ئێستا کار بەو بڕیارە ناکرێت و خاوەن دووکانەکانى عەلوەى سلێمانى سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانیان بردووەتەوە بۆ مەرزى باشماخ، ئەوەش بە ماناى ئەوەیە بارى میوە لە مەرزى سەیرانبەن کۆتایى دێت”.
پێداچوونەوە- وریا فتاح