هەزار و 800 کەسن
قوتابیانی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی زاخۆ بێ بەرامبەر بەربانگ دەکەنەوە
+964
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
مامۆستایەکی ئایینی لە زاخۆ شەشەم رەمەزانە بێ بەرامبەر خواردنی بەربانگ بە شەربەت و شیرینییەوە بۆ قوتابیانی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی زاخۆ دابین دەکات.
زێرەڤان بەشار، بەرپرسی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی زاخۆ بە 964 راگەیاند: ئەمساڵیش مامۆستا ئاینییەکەی زاخۆ ئامادەیی خۆی دەربڕیوە نەک تەنیا بۆ بەشەناوخۆییەکان، بەڵکو بۆ بەشە ناوخۆییەکانی ناو بازاڕیش خواردنی بەربانگ ئامادە بکات، کە نزیکەی 200 قوتابی کوڕن و بە کۆی گشتی لەگەڵ ئەوانەی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆ، دەبنە 1800 کەس.
زێرەڤان وتیشی: ئەوانەی بەم کارە هەڵدەستن، تەنیا مامۆستا ئایینییەکە نییە، بەڵکو سێ کەسی دیکەشی لەگەڵن، بەڵام بە دەستپێشخەری ئەوە و بڕی زۆری تێچووی کارەکەش لە ئەستۆی ئەو دەبێت.
964 هەوڵی دا مامۆستا ئایینییەکەی زاخۆ و خاوەن ئەو کارە بدوێنێت، بەڵام ئەو داوای لێبوردنی کرد و ئامادە نییە بۆ میدیا دەربکەوێت و قسە بکات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا