بەدواداچوون

ئایا رۆژی جلی نەتەوەیی یاسایە یان بڕیارە؟

964+

فەهمی نەبی

ماوەی 13 ساڵە لەبەشێکی زۆری فەرمانگەکانی حکومەت و ناوەندەکانی خوێندن، قوتابیان و خوێندکاران و فەرمانبەران جلی نەتەوەیی دەپۆشن، بەڵام لای خەڵک ئەو رۆژە وەک رۆژی جلی کوردی ناودێر کراوە.

پێشینەی بڕیاری رۆژی جلی نەتەوەیی

ساڵی 2011 وەزارەتی پەروەردە بە بڕیارێک رۆژی 10.3ی هەموو ساڵێکی بۆ جلی نەتەوەیی دیاریکرد، سەرەتا تەنیا ناوەندەکانی خوێندن بڕیارەکەیان جێبەجێ دەکرد، بەڵام ئێستا کارمەندانی بەشێکی دیاری فەرمانگەکان جلی نەتەوەیی دەپۆشن.

بوچوونی یاسایی سەبارەت بەم بڕیارە

بەپێی بەدواداچوونی 964 لە پەرلەمانی کوردستان هیچ یاسایەک و بڕیارێکی تایبەت بە “جلی نەتەوەیی” نییە، ئەوەی هەیە بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەیە لە ساڵی 2011 دەرچووە و بەپێی بڕیارەکە کەس ناچار نەکراوە بە بڕیارەکە پابەند بێت.

د.خامۆش عومەر راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، جیاوازی هەیە لەنێوان یاسا و بڕیار و رێنمایی هەریەکەیان لەلایەن دەسەڵاتێکی تایبەتمەندەوە دەردەچێت، هەریەکەشیان لەڕووی ناوەرۆکەوە جیاوازن، لەرووی یاساییەوە هەموو ئەو بڕیارانەی وەزارەتێک دەریدەکات تەنیا پەیوەستە بە فەرمانگەکانی ئەو وەزارەتە، واتا بڕیارێکی پابەندیکاریی “ئیلیزام”ی نییە.

نەتەوەکانی هەرێمی کوردستان و جلی نەتەوەیی

بەپێی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە نەتەوەی کوردهەریەکە لە نەتەوەکانی کلدانی، ئاشووری، سریانی، تورکمان، یەزیدی و عەرەب دەژین، هەریەکە لەو نەتەوانە جلوبەرگ و تایبەتمەندی جلی خۆیان هەیە.

کورد وەک سەرەکیترین نەتەوەی پێکهاتەی هەرێمی کوردستان، چەندین جۆر جلی جیاوازی هەیە بەپێی ناوچەکان دەگۆڕێت، بۆ جلی پیاوان چەند جۆرێکی جیاواز هەن، لەوانە رانک و چۆغە، کەوا و سەڵتە، کر، شال و شەپک و کورتەک و شەرواڵ. بۆ جلی ژنانە چەندین جۆری جیاواز هەن بەپێی ناوچەکان مۆدێلیان دەگۆڕێت.

نەتەوەی تورکمان چەندین جۆری جلی جیاوازیان هەیە، بەڵام بەگشتی بەجلی نەیەوەییان دەڵێن، تورکمان ئەسپابە.

نەتەوەی ئاشوری لە هەرێمی کوردستان جۆرێک جلیان هەیە پێی دەوترێت خومالا، ریشیەکی باڵندە بە کڵاوەکەی سەریان دەبەستن.

ئایا رۆژی جلی نەتەوەیی یاسایە یان بڕیارە؟