خانووه‌ زێده‌ڕۆكانى كه‌ركوك تاپۆ ده‌كرێن

+964

کاروان ساڵح – کەرکوک

له‌ كه‌ركوك تاپۆكردنی خانوە زێدڕۆكان ده‌ستیپێكرد و هەر شەش کەرتەکەی شارەوانی ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌گرێته‌وه‌.

فەریدون زەنگەنە، سه‌رۆكى شارەوانی كەركوك لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، وردەكاری تاپۆكردنی ئەو زەویانەى ئاشكراكرد، کە زەوییەكان لە سەر بڕیاری ژمارە 320ی ساڵی 2022 دەبێـت، لە رێگەی فۆرمێكی تایبەت كە لەلایەن شارەوانیەوە ئامادەكراوە، وتیشی “لە ئەمڕۆوە دەستمانكردووە بە وەرگرتنی مامەڵەی هاوڵاتیان بۆ تاپۆكردنی خانوەكانیان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ دیاریكردنى شوێنه‌ زێده‌ڕۆكان لە شارەوانی و تاپۆ لیژنەیەكیان پێكهێناوه‌، دەبێـت ئەو كەسە خانوه‌كه‌ى خۆی تێیدا نیشتەجێ بێت نەك هی كەسێكی دیكە، یاخود كرێچی بێـت.

وتیشى “هه‌ركه‌سێك بۆی هەیە تەنها یەك خانوو بكرێـت به‌ ناویەوە و ئەو شوێنانەش ناگرێتەوە كە چواردەوری زەویەكە گیرابێ بە گەراج یاخود كەرەڤانەیەكی تێدا دروستكردبێ”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى +964، ئەو شوێنانەی تاپۆ دەكرێن، كه‌ زەویەكە هی حكومەت بێت و موڵكی هیچ كەسێك نەبێت، هەروەها كشتوكاڵی بێت ئەو زەویانەش ناگرێته‌وه‌ کە سەر بە وەزارەته‌كانی نەوت و کارەبا بن.