جێبەجێکارێکی لەسێدارەدان لە تارانی پایتەختی ئێران لە ماوەکانی رابردوو
لە ئێران
دوو بەندکراوی کورد لەسێدارە دران
964+
پێشەوا محەمەد
رۆژی پێنجشەممە دوو بەندکراوی کوردی خەڵکی شارەکانی مهاباد و شنۆ لەسێدارە دران، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، تۆمەتی ئەو دوو لەسێدارەدراوە کوشتنی بەئەنقەست بووە.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، ئەو دوو بەندکراوە چوار ساڵ پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست”ـی دوو برا لە رێگای تاڤگەی شەڵماشی سەردەشت، دەستبەسەرکران دواتر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
باس لەوەش کراوە، یەکێک لە لەسێدارەدراوەکان هاوسەرگیریی کردووە و باوکی منداڵێکی بچووکە.
ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەریدەخەن، مانگی دوو لە ئێران 10 هاوڵاتی لەسێدارە دراون، لەکاتێکدا مانگی یەکی ئەمساڵ 74 هاوڵاتی لەسێدارەدرابوون.
ساڵی رابردوو لە ئێران زیاتر لە 600 کەس لەسێدارە دراون و زیاتر لە 90یان کورد بوون.