داوای چییان کردووە؟
شارەوانی سرێشمە داواکاری گەنجانی ناحیەکەی جێبەجێ دەکات
964+
فەهمی نەبی
چەند گەنجێکی ناحیەی سرێشمە لای شارەوانی سکاڵای ئەوەیان کردووە، لە وەرزی زستان کاتێک بۆ ئۆتۆمبێل لەرێگاکان دەوەستن، هیچ شوێنێک نییە لە باران و سەرما بیانپارێزێت، شارەوانی سرێشمە داواکاری ئەو گەنجانەی جێبەجێکردووە.
سۆران شێرزاد بەڕێوەبەری شارەوانی سرێشمە بە 964ی راگەیاند، “ئەمساڵ چەند گەنجێکی ناحیەی سرێشمە هاتنە شارەوانی و داوایان کرد لەسەر رێگای سەرەکی سرێشمە بۆ خەلیفان کەپریان بۆ دروست بکەین، ئێمەش داواکاریەکەمان کردە نوسراوێک و بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانمان نارد و ئەوان هەر زوو رەزامەندیاندا”.
شارەوانی سرێشمە دوو کەپری داناوە، یەکێکیان لەسەر رێگای خەلیفان بۆ سرێشمە ئەوەی دیکەیان بە پێچەوانەوە، سۆران شێرزاد دەڵێت، پلان هەیە لە چەند شوێنێکی بەرزی دەورەبەری سرێشمە کورسی دابنێن.
بەوتەی بەڕێوەبەری شارەوانی سرێشمە، کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە هەن وا بڕیارە لە ناحیەی سرێشمە ئەنجام بدرێن، دروستکردنی باخچەیەک، شۆستەکردنی رێگای سرێشمە و رووناککردنی رێگای سرێشمە بۆ خەلیفان.
سرێشمە لە 8.8.2023 بڕیاری بە ناحیە بوونی دەرچووە، سەربە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، هەزار ماڵ دەبێت و ژمارەی دانیشتوانی شەش هەزار و 500 کەسە.