کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی. وێنە :964
کەمپی نوێی زانکۆ دەگرێتەوە؟
خوانی بەربانگ بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانی ناو سلێمانی دابین دەکرێت
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی خوانی بەربانگی مانگی رەمەزان بۆ بەشە ناوخۆییەکانی ناوشاری سلێمانی دابین دەکات، بەرپرسێکی زانکۆکە دەڵێت: لە هەوڵدان بۆ بەشە ناوخۆیی دەرەوەی شاریش دابین بکەن.
964 دەزانێت بەشەناوخۆییەکانی ئیسکان، قەزازەکان و مەجیدبەگ کە بەشە ناوخۆیی کچان و کوڕانن و هەزار و 990 خوێندکاریان تێدایە، لە لایەن کۆمەڵگای پزیشکی سمارتەوە هەموو ئێوارەیەکی رەمەزان خواردنیان بۆ دابین دەکرێت.
پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ئەو هەوڵە ماوەی سێ ساڵە بەردەوامە و لە رێگەیەوە باری دارایی سەر خوێندکار سووک دەبێت و کاتیشیان بۆ دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنەکەیان کە بیریان لای خواردن ئامادەکردن نەبێت.
وتیشی، “ئەو کۆمەڵگە پزیشکییە ستافێک دەنێرێتە بەشە ناوخۆییەکان و خواردن ئامادە دەکەن، ئێمەش ستافێک لە ئیدارەی بەشەکان دروست دەکەین بۆ دابەشکردنی خواردنەکە”.
جگە لەو بەشە ناوخۆییانەی ناو شار، بەشی ناوخۆیی کەمپە نوێکەی زانکۆی سلێمانیش هەیە کە دەکەوێتە قڵیاسان و تەواوی بەشە ناوخۆییەکانیش نزیکەی شەش هەزار خوێندکاریان تێدایە.
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی وتیشی، “بۆ بەشە ناوخۆییەکانی کەمپە نوێیەکە سەبەتەی خۆراک ئامادە کراوە، بریتییە لە؛ برنج، رۆن، شەکر و چا و هەوڵیش دەدەین بۆ ئەوانیش هەموو ئێوارەیەک خواردنیان بۆ دابین بکەین”.
وتیشی، “لە رێگەی کەناڵەکەی ئێوەوە داوا لە هەر کۆمپانیا و دەزگایەکی خێرخوازی دەکەین، ئەگەر ئامادەی دابینکردنی خواردنن بۆ بەشە ناوخۆییەکانی کەمپە نوێکەی زانکۆی سلێمانی، ئێمە سوپاسیان دەکەین و هەموو ئاسانکارییەکیشیان بۆ دەکەین”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی