75 خێزانی هەڵەبجە چاوەڕێی منداڵە ونبووەکانیانن

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌پێی ئامارێك له ‌هه‌ڵه‌بجه،‌ 75 خێزان عەوداڵن به‌دواى چاره‌نووسى 118 منداڵى ونبوویان، كه‌ له‌ كاتى كیمیابارانى شاره‌كه‌یان له‌ 1988، لە شپرزەییدا لە سنوورەکانی ئێران لێیان ونبوون، یان بردراون بۆ چارەسەر و ئیتر نەگەڕێندراونەتەوە.

لوقمان عه‌بدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، ئه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا هیچ وه‌فدێكی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و كه‌یسه‌ سه‌ردانى ئێران بكات.

ئەو بە 964+ی وت “من هیچ شتێكی وام نه‌بیستووه، هه‌ر شتێكی له‌و بابه‌ته‌ش هه‌بێ ئێمه‌ ئاگادارین”.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى كه‌ پێشتر له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ژماره‌ى ئه‌و منداڵه‌ ونبووانه‌ ئه‌نجامدراوه‌ و لوقمان عه‌بدولقادریش ئه‌ندامێكى ئه‌و لیژنه‌یه‌ بووه‌، 76 خێزانى هه‌ڵه‌بجه‌ داواى 119 منداڵ ده‌كه‌ن، به‌قسه‌ى ناوبراویش، تا ئێستا ته‌نیا یه‌ك خێزان منداڵێکی خۆیان دۆزیوه‌ته‌وە.

لە دوای كیمیابارانی هەڵەبجە لە 16ی ئاداری 1988 و کە بەوە ناسراوە پێنج هەزار کەسی تێدا کوژرا و هەزاران کەسی دیکەش بریندار و ئاوارە بوون، دەیان منداڵ لە تەمەنە جیاوازەكاندا لە خێزانەكانیان دابڕان و دواتر بەشێكیان بە كەسوكاریان گەیشتنەوە و بەشێكی دیکەیشیان تاوەکو ئێستا سۆراغیان نییە.

لوقمان عه‌بدولقادر ده‌ڵێت، هه‌ندێك منداڵ به‌ هۆكارى نیشانه‌یه‌ك له‌سه‌ر جه‌سته‌یان ناسراونەته‌وه‌، تاوەکو ئێستا هه‌شت منداڵ به‌و شێوه‌یه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه.

دوو له‌و منداڵانه‌ى كه‌ له‌رێگه‌ى پشكنینه‌وه‌ به‌ته‌واوى ناسراونه‌ته‌وه‌، عه‌لى هه‌ڵه‌بجه‌یی و خه‌لیل ناوێك بووه‌، پشكنینه‌كانى عه‌لى دروست ده‌رچوو‌، ئه‌ویش ئه‌وكاتە چنار سه‌عد عه‌بدوڵڵا كه‌ وه‌زیرى شه‌هیدان بووە ناردویەتى له‌ وڵاتى ئوردن بۆى كرا، پشكنینى خه‌لیلیش له‌ ئه‌دیله‌ى جینائی هه‌ولێر بۆى كرابوو ته‌واو ده‌رچووبوو.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، پێیوایه‌، كێشه‌ى گه‌وره‌ى ئه‌و كه‌یسه‌، ئه‌و سه‌نته‌ره‌ بووه‌ له‌ سلێمانى كه‌ بۆ پشكنینى DNA  ئه‌و كه‌یسانه‌ ده‌ستنیشان كرابوو، “ئه‌و كه‌سه‌ى ئه‌و سه‌نته‌ره‌ى هه‌ڵبژاردووه‌، به‌رپرسه‌ له‌ به‌لاڕێدابردنى ئه‌و كه‌یسه‌ به‌ گشتى، چونكه‌ پشكنینه‌كانى ئه‌و سه‌نته‌ره‌ گومانیان لاى خه‌ڵك دروستكردبوو”.

ناوبراو، ره‌خنه‌ى له‌ وه‌زاره‌تى شه‌هیدان گرت كه‌ بێخه‌مه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ و هیچ گرنگییه‌كى پێنادات، ده‌شڵێت “ئیداره‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ زۆر خه‌مسارده‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌، ته‌نانه‌ت منداڵى ونبووى هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌یه‌ كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شوێن نه‌بووه‌ بۆی بچێت، حكومه‌ت شوێنى بۆ دابین نه‌كردووه،‌ ناچار ئێمه‌ بردوومانه‌ته‌وه‌ ماڵى خۆمان”.

964+ پەیوەندی کرد بە ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، ئەو رەتیکردەوە لەسەر ئەو بابەتە قسە بکات، بە بیانوی ئەوەی لە دەوامی فەرمیدا نییە لەم کاتەدا.

پڕۆژه‌یاسایه‌ك تایبه‌ت به‌ منداڵه‌ ونبووه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستانه‌ و تاوەکو ئێستا خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ نەکراوە، ئەگەر بکرێتە یاسا، ئەوا دەبێت بەگوێرەی رێنماییەکانی ئەو پرۆژەیە مامەڵە لەگەڵ ئەو منداڵانە و خێزانەکانیان بکرێت.

بە قسەی سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە، لە ئێراندا تاوەکو 500 منداڵ ناویان لە فەرمانگەی تایبەت بە ونبووەکان تۆمارکراوە کە پێدەچێت خەڵکی هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان بن.