24 کاتژمێر داخرابوو

رێگەی تونێلی دەربەندیخان لەدوای چاککردنەوەی ئاوەڕۆکەی کرایەوە

ژووری هەواڵ

لەدوای شەو و رۆژێک لە داخستنی، هاتوچۆ بە تونێلی دەربەندیخاندا ئاسایی بووەوە و ئاوەڕۆکەی چاککرایەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 3.3.2024، سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئاوەڕۆی ناو تونێل تێکچووبوو و کاری چاککردنەوەی بۆ دەکرا، هاتوچۆی قەزاکە لە کاتژمێر 8:00ـى بەیانى رۆژى شەممە تا کاتژمێر 8:00ـى بەیانى ئەمڕۆ رێگەکەیان بەربەست کردبوو.

ئێستا بەربەستی رێگەکە لابراوە و هاتوچۆ پێیدا ئاساییبووەتەوە، سلێمان محەمەد وای وت.

پێشتر هاتوچۆى دەربەندیخان رایگەیاند، “جاری پێشوو کە نۆژەنکرایەوە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر تونێلەکە داخرا، ئەوەش وای کرد بە باشی وشک نەبێتەوە و دووبارە تێک بچێتەوە”.

رێگاى شاخى بەرانان، رێگەى جێگرەوەیە و کاتێک تونێلى دەربەندیخان دادەخرێت، شۆفێران ناچارن ئەو رێگەیە بەکار بهێنن، بەڵام رێگا بە هیچ بارهەڵگرێک نادرێ شاخی بەرانان بەکار بهێنێت ئۆتۆمبێلی بچوکیش دەبێت بەسەر بەنداوی دەربەندیخاندا هاتوچۆ بکات.