"خۆراکی پێویست هەیە"

وەزارەتی بازرگانی: لە رەمەزاندا بە بڕی زۆر خواردەمەنی مەکڕن

پێشەوا محەمەد

وەزارەتی بازرگانیی هەرێم هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان، بۆ رێگریکردن لە گرانبوونی نرخی خواردەمەنی بە بڕی زۆر نەیکڕن، چونکە خۆراکی پێویست بوونی هەیە.

چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ مانگی رەمەزان و پرسیاری بەردەوامی هاوڵاتیان لەسەر گرانبوونی نرخی خواردەمەنییە لە بازاڕەکان، 964ـیش پرسیارەکەی ئاراستەی نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم کرد.

ئەو وتی، “هاوڵاتیانی هەرێم دڵنیا دەکەینەوە هەموو خواردن و پێویستییەک زۆر بە زیادەوە لە کۆگاکان بۆ مانگی رەمەزان ئامادەیە و هیچ شتێک لە بازاڕەکاندا بەرەو کەمبوونەوە یان نەمان ناچێت”.

پێشی وابوو بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ، پێویستە هاوڵاتیان بە بڕی کەم کەم خواردن و کەلوپەلە پێویستەکان بکڕن و بەکاری بهێنن.

وەزارەتەکە یەکێک لە رێکارەکانی رێگریکردنی لە بەرزبوونەوەی نرخی خواردن ئەوەیە، لە سەرەتای مانگی رەمەزاندا سەبەتەی خۆراک دابەش دەکات، کە هەریەکە لە مادەکانی نیشاستە، مەعکەرۆنی، ئاردی سفر و شعریە بۆ ئەو مانگە زیاد کراوە.

“لیژەنەکانی چاودێریی بازرگانی و قایمقامیەتەکان بەردەوام چاودێریی نرخ و بازاڕ دەکەن و رێگە لە بەرزبوونەوەی خواردەمەنی و هەر کەلوپەلێکی دیکە دەگرن”.