ئەمساڵ مەفرەزەیان دەبێت

بەرگری شارستانیی کۆیە خۆی بۆ وەرزی بەهار و هاوین ئامادە دەکات

964+

پێشەوا محەمەد

بەرگری شارستانیی کۆیە سەرقاڵی دانانی پلانێکە بۆ وەرزی هاوین و بەهار و بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، دەیانەوێت بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو ئامادە بن.

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانیی کۆیە 13 بنکەی هەیە لەگەڵ تیمی غەواسدا، سەرجەمیان پێویستییەکانیان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی کردووە تا بۆیان ئامادە بکرێت و ئامادەی هەر رووداوێک بن.

گۆران ئەحمەد سماقەیی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی کۆیە بە 964ـی راگەیاند، بۆ ئەمساڵ جگە لە بنکەکان مەفرەزەی گەڕۆکی بەرگری شارستانی دروست دەکەن بەتایبەت لە وەرزی پێگەیشتنی گەنمدا تا هەر رووداوێک هەبوو راستەوخۆ لەسەری ئامادە بن.

وتیشی، “پلانی وردمان داناوە گەڕانی لیژنەکان بەسەر بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی بەرگری شارستانی چالاکتر بکەین و ئامادەیی تیمەکانیش لە بنکەکان رێکدەخەینەوە”.

لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانیی کۆیە ساڵی رابردوو 650 رووداو لە سووتان، لافاو، خنکان و رزگارکردن بوونیان هەبووە.

“تەمەننا دەکەین ئەمساڵ رووداوەکان کەمتر بن و ئێمەش هەمیشە لە خزمەت هاوڵاتیاندا دەبین”، ئەوەش قسەی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی کۆیەیە.

بەرگری شارستانی کۆیە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی پێویستە

بەرگری شارستانی کۆیە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی پێویستە