سێ رۆژە
تۆڕباینەکەی سەر گۆیژە لەکارکردن وەستاوە
964+
دیلان محەمەد جەزا
چەند رۆژێکە تۆڕباینەکەى سەرشاخى گۆیژە لەکار کەوتووە و بەڕێوەبەرى کارگێڕى چاڤیلاندیش دەڵێت، خۆیان لە کاریان خستووە.
دانا حەسەن، سەرۆکی کارگێڕی پڕۆژەی چاڤی لاند بە 964ـى وت، “ئەو تۆڕباینەی با تایبەتە بە بەرهەمهێنانى کارەبا، ماوەى سێ رۆژە لە کارکردن وەستاندوومانە ئەوەش بەهۆى رێکخستنى کارەکانى لە بەشى خوارەوەیدا”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، وەستاندنى تاوەرەکە گرفتێکى تەکنیکى نییە کە رەشەبا هۆکار بێت، چونکە لە کاتى بوونى رەشەباى بەهێزدا، خۆى کۆنتڕۆڵى خێراییەکەى دەکات و نابێتە گرفت بۆى.
بەرزی تۆڕباینەکە 24 مەترە و لە کاتژمێرێکدا 150 ئەمپێر کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بە قسەى دانا حەسەن، دوای تەواو بوونی کارەکانی دەخرێتەوە کار.
پێشتر سیروان محەمەد وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە 964ـى وتبوو، “بەپێی ئەو توێژینەوانەى کراوە، شاخی گۆیژە گونجاو نییە بۆ دانانی تاوەری با، لەبەر ئەوەی هێزی باکەی بەردەوام لە گۆڕاندایە، بەشێوەیەک هەندێجار باکەی زۆر بەهێزەو بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا نابێت.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح