لە ساڵی رابردوودا

دوو ملیار و 300 ملیۆن تۆن خۆڵ و خاشاک لە جیهاندا فڕێدراوە

964+

پێشەوا محەمەد

بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP) بڵاویکردووەتەوە، ساڵی رابردوو دوو ملیار و 300 ملیۆن تۆن خۆڵ و خاشاک لە جیهاندا فڕێداوە.

بەپێی راپۆرتێکی UNEP، کە دوێنێ چوارشەممە 28.2.2024 بڵاوکراوەتەوە، پێشبینی کراوە ساڵی 2050 خۆڵ و خاشاکی جیهان بگاتە سێ ملیار و 800 ملیۆن تۆن.

“پێشبینییەکان زۆرترین گەشەی پاشماوە لەو ناوچانەدا نیشان دەدەن، کە زۆر پشت بە فڕێدانی کراوە و سووتاندن دەبەستن، پێویستە بەپەلە کار بۆ جیاکردنەوەی پاشماوەکان و چارەسەری خۆڵ و خاشاک بدۆزرێتەوە”، راپۆڕتەکەی UNEP وادەڵێت.

بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان روونیشی کردووەتەوە، بوونی ئەو پاشماوە زۆرە تێچووی تەندروستیی مرۆڤ و ئابووری و ژینگەی زۆر کردووە بەهۆی زۆربوونی نەخۆشی و پیسکردنی ژینگەوە، کە پێشیبی دەکات تێچووی ئەو دوو بووارە لە ساڵی 2050ـدا بگاتە 600 ملیار دۆلار.

ئاماژە بەوەش کراوە، ساڵی 2020 تێچووی پیسبوونی ژینگە و نەخۆشییەکان بەهۆی خۆڵ و خاشاکەوە 252 ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئێستا بۆ 361 ملیار دۆلار بەرز بووەتەوە.

UNEP جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت وڵاتان بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی خۆڵ و خاشاک تا ئاستی سفر پاشماوە هەوڵ بدەن و هەسارەیەکی گونجاو بۆ نەوەکانی داهاتوو بوونیاد بنێن.

UNEP بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرووەکانە، ئەرکی ئیلهامبەخشین و ئاگادارکردنەوە و تواناسازییە بۆ گەلان بۆ باشترکردنی کوالێتیی ژیانیان بەبێ ئەوەی سازش لەسەر کوالێتیی ژیانی نەوەکانی داهاتوو بکەن.

بۆ زیاتر لە 50 ساڵە لەگەڵ حکومەتەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، کەرتی تایبەت و دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی مەترسیدارترین ئاستەنگە ژینگەییەکانی مرۆڤایەتی – لە گەڕاندنەوەی چینە ئۆزۆنەکانەوە تا پاراستنی دەریاکانی جیهان و پێشخستنی ئابوورییەکی سەوز و گشتگیر.