چەند قوتابییەکە لە پێشانگاکەدا وێنە دەکێشن - وێنە: 964
زیاتر لە دوو هەزار قوتابی بەشدارن
18 قوتابخانەی دوزخورماتوو کێبرکێی وێنەکێشان دەکەن
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
18 قوتابخانەی سنووری پەروەردەی دوزخورماتوو ئەمڕۆ پێنجشەممە کێبرکێی وێنەکێشانیان ئەنجامدا و دوو هەزار و 135 قوتابی تێیدا بەشدار بوون.
ئەو پێشبڕكێیە ساڵانە لە سنووری پەروەردەی دوزخورماتوو بەڕێوەدەبرێت و حەوت قوتابخانە و وێنەکانیان بۆ قۆناغی داهاتوو هەڵبژێردران.
رێباز حەیدەر، قوتابی ئامادەیی بۆ 964 وتی، “خۆشحاڵن بەو جۆرە پێشانگایانە و هیوادارم ئەم جۆرە پێشانگایە لە ساڵێکدا چەند جارێک ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ئاڵۆگۆڕی زانیاریی هونەری و شێوازی وێنەکێشان لەنێوان قوتابیان و مامۆستایاندا زیاتر هەبێت”.
ئەو قوتابی و قوتابخانانەی سەرکەوتوو بوون دەچنە کێبڕکێ لەگەڵ قوتابخانەکانی پەروەردەی سەڵاحەدین و پاشان پلەی یەکەم لەسەر ئاستی پارێزگا دەستنیشان دەکرێت.
ریاز عەلی، بەڕێوەبەری پەروەردەی بەشی عەرەبیی خورماتوو بە 964ـی وت، “ئەوەی هەیە کێبڕکێی ساڵانەی هونەرییە لەنێوان قوتابخانەکان بە ئامانجی گرنگیدانی زیاتر بە وانەی هونەر، هەروەها نیشاندانی توانای بەهرەدارانە و گرنگیدانی زیاتر بە تواناکانی قوتابیان”.
وتیشی، “سێ مانگ دەبێت پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە ناوەندی ئیبن خەلدوون کراوەتەوە و ئومێد دەکەم لە داهاتوودا بەشێک لەو قوتابییە بەهرەدارانە ببنە خوێندکار لەو پەیمانگایە و بتوانن پەرە بە بەهرەکانیان بدەن لەڕووی ئەکادیمییەوە”.