50 پڕۆژە ئامادەن

لە هەڵەبجە سێ بڕیار بۆ هاوکاریی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دران

964+

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی هەڵەبجە بۆ ئاسانکاریی وەبەرهێنان و ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنان سێ بڕیاری دا و بەڕێوەبەرەکەشی دەڵێت، ئەو بڕیارانە دەبنە هۆکاری زیادبوونی پڕۆژەکان.

لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا لە کۆی هەزار و 157 پڕۆژەی وەبەرهێنان تەنیا مۆڵەتی شەشیان لە هەڵەبجە بوون، دەستەی وەبەرهێنان لە سەردانێکیاندا بۆ هەڵەبجە داوایان لە وەبەرهێنەران کرد روو لە هەڵەبجە بکەن.

زانیار حەمەنوری، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، 50 پڕۆژەی وەبەرهێنانمان بۆ وەبەرهێنەران ئامادە کردووە و دەتوانن لە بوارەکانی پیشەسازی، گەشتیاری و کشتوکاڵیدا ئەنجامی بدەن.

وتیشی، “بەلامانەوە گرنگە هەڵەبجە بکەین بە ناوەندێکی وەبەرهێنان و پارێزگاکە ببووژێتەوە، هەلی کاری تێدا دروست بێت و جوڵەی بازرگانی و گەشتیاریی زیاتری بۆ بێت”.

ئەو بڕیارانەی لە لایەن وەبەرهێنانی هەڵەبجەوە دەرچوون و ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی کردوون بریتین لە:

*بەخشین لە بڕیارەکانی ژمارە 584، 585 و 586ـی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان، کە پەیوەستن بە (کرێی خزمەتگوزاری، نرخی هاندراوی زەوی بۆ تەملیک یان بانەوانی، تەرخانکردنی زەوی) واتە لێخۆشبوون لە سەرجەم باج و رسوماتەکان کە لە وەبەرهێنەران وەردەگیرا تا پێدانی مۆڵەتی پڕۆژە.

*کەمکردنەوەی قەبارەی سەرمایەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ 500 هەزار دۆلار کە پێشتر لەسەرو ملیۆنێک دۆلارەوە بوو.

*سەبارەت بە زەویی پارێزگای هەڵەبجە کە زۆربەی کشتوکاڵین، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان هەستن بە ئامادەکردنی نەخشەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و دیاریکردنی ئەو زەوییانەی کە بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییەکان بەکاردێن، دەستهەڵگرتن لەو زەوییانەی کە بەردەڵانن بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی تردا.

لە دەروازەی هەڵەبجەوە دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە

لە دەروازەی هەڵەبجەوە دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە