دادگای فیدڕالی لە بەغدا
باسی داهاتی هەرێمیش دەکات
دادگای فیدراڵی دەقی بڕیارەکانی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان بڵاوکردەوە
964+
ژووری هەواڵ
دادگای فیدراڵی عێراق دەقی بڕیارەکانی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە پرسی موچە و شایستە داراییەکاندا ناکرێت جیاکاری لەنێوان هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و هاوتاکانیان لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28.2.2024 دادگای فیدراڵی عێراق وردەکاری ئەو بڕیارانەی بڵاوکردەوە کە هەفتەی رابردوو لەبارەی موچە و هەڵبژاردنی کوردستان دەریکردن و دەڵێت، گەلی کوردستان خاوەنبەها، نیشتمانپەروەر و خاوەنی قوربانین و داوا لە سەرجەم بانکەکانی سەر بە حکومەتی عێراق دەکات، ئاسانکاریی بۆ جێگیرکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەن و هەموو هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ سوودمەندبوونی فەرمانبەران و موچەخۆران، موچەکانیان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان وەربگرن.
دادگای فیدراڵی ئاماژە بەوە دەکات لەپێناو بونیادنانی ئینتیمایەکی نیشتمانیی راستەقینە لای سەرجەم گەلانی عێراق و بەگوێرەی بەگوێرەی مادەی 14 لە دەستووری کۆماری عێراق ساڵی 2005، پێویستە یەکسانی لەنێوان عێراقییەکاندا بەبێ هیچ جیاکارییەک پەیڕەو بکرێت و بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەران، خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و سەرجەم فەرمانگە مەدەنی و سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستان بکرێت وەک ئەوەی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵی دەکرێت.
لەبڕیارەکانى دادگاى فیدراڵیدا ئاماژە بەوە کراوە “پێویستە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دوای کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، موچەکانیان خەرج بکات و چیتر قەرز نەدرێت بۆ دابینکردنی موچە”.
دادگاکە دەڵێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پابەندکردووە بە رادەستکردنی سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە حکومەتی فیدڕاڵی.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکانی دادگاکەدا هاتووە، ئەو گوژمە پارانەی کە چەند ساڵی رابردوو حکومەتی فیدراڵی وەک قەرز داوێتی بە حکومەتی هەرێم پێچەوانەی حوکمەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە 13ی ساڵی 2023یە و “بۆ موچەش خەرجنەکراوە”.
لە دەقی بڕیارەکاندا باس لە بڕگەکانی 14، 16، 22 و 36ـی دەستور بۆ ساڵی 2005 دەکات و دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی حوکمەکانی ئەو مادانە وەستاوەتەوە و موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى موچەیان وەرنەگرتووە هاوشێوەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى لە حکومەتى فیدراڵ.
باس لەوەشکراوە، دیوانى چاودێرى دارایى حکومەتى عێراق بە هەماهەنگى دیوانى چاودێریى دارایى لە هەرێمى کوردسان وردبینى لە لیستى فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان دەکەن و وردبینیش بۆ ئەو هەژمارە بانکییانەى هەرێمى کوردستان د دەکرێت کە لەچوارچێوەى بانکى ناوەندی عێراق کراونەتەوە.
تەواوی بڕیارەکان لەم لینکەوە بخوێنەرەوە