زیانی بە شۆفێران گەیاندووە

ئەو چاڵەی ترسی بۆ شۆفێران هەبوو وەستایەک پڕی کردەوە


ئەحمەد مستەفا

لە ناحیەی عەربەت و لەسەر شەقامێکی سەرەکی چاڵێک چەند مانگێکە دروست بووە، ئەوەی بەو ناوە تێپەڕ دەبوو لە ترسی زیان نەگەیاندن بە ئۆتۆمبێلەکەی، خۆی لە چاڵەکە لادەدا.

تا وەستایەکی فیتەر خۆبەخۆ بە چیمەنتۆ و خۆڵ چاڵەکەی پڕکردەوە و کۆتای بەو مەترسی و ترسەی شۆفێران هێنا، کە نزیکەی مەترێک قەبارەکەی بوو.

چاڵەکە دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکی بەستنەوەی ناوەندی سلێمانی بە قەزای شارەزوور، هاتوچۆی رۆژانەی خەڵک، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دەیان بارهەڵگری لەسەرە.

عومەر محەمەد ئەو وەستایەیە چاڵەکەی پڕکردوەتەوە بە 964ی وت، “ماوەی چەند مانگێکە ئەو چاڵە لەو شەقامە دروستبووە رۆژانە ئۆتۆمبێلی زۆری تێدەکەوت، زیانی خاوەنەکانیانی لێدەکەوتەوە، بۆیە بە بەرد و خۆڵ، چاڵەکەم پڕکردەوە”.

وتیشی، ئەگەر کارێک حکومەت نەیکرد، با خۆمان هەرچۆن بێت پینەی بکەین، دەزانم چاڵی دیکە دروستبووە، زیانی بە چەندین ئۆتۆمبێل گەیاندووە، ئەگەر ئەم کارە کاتیش بێت، رێگرە لەوەی ژمارەیەکی زۆری شۆفێر لە کاتی تاریکی و جەنجاڵیدا بدەن لە چاڵەکە و تووشی زیان ببن.

بەدوداچوونەکان ئەوەی دەرخستووە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی دەرەوەی شار، بەهۆی شەپۆلی بەخوڕی باران بارین، بەشێک لە سەقام و شوێنەکان چاڵی تێدا درەستبووە و قیر و چیمەنتۆی شوێنەکان هەڵوەشاون.

بە قسەی فوئاد باقی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی بێت، ئەوان بودجەیەکی فریاگوزارییان هەیە، تا لەگەڵ ئیدارە خۆجێییەکان هەماهەنگی دەکەن، ئەو چاڵانەی فراوانتر بوون یان شەقامێک پێویستی بە نۆژەنکردنەوە بێت چاکسازی تێدا دەکەن.