ئاگره‌كه‌ی له‌نگه‌ی هه‌ولێر ته‌شه‌نه‌ی كرد

تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانی دیواره‌كان ده‌ڕووخێنن

964+

ئه‌حمه‌د شه‌مزین

نزیكه‌ی كاتژمێرێك ده‌بێت ئاگرێكی گه‌وره‌ له‌ بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و هێشتا كۆنتڕۆڵ نه‌كراوه‌.

په‌یامنێری 964 له‌ نزیك ئاگره‌كه‌یه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی به‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كارمه‌ند و ئۆتۆمبێله‌وه‌ له‌وێ و خه‌ریكی كۆنتڕۆڵی ئاگره‌كه‌ن.

تا ئێستا هۆكاری كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ دیار نییه‌، به‌ڵام گومان ده‌كرێت به‌هۆی شۆرتی كاره‌باوه‌ بێت.

تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانی خه‌ریكی رووخاندنی چه‌ند دیوارێكن له‌ دیوی پشته‌وه‌ی دوكانه‌كانی نزیك ترافیكی 40 مه‌تری و تا ئێستا سێ چوار دیواریان رووخاندووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ سه‌رچاوه‌ ئاگره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆنتڕۆڵی بكه‌ن.

ئه‌وه‌ی 964 تێبینیی كردووه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاوڵاتیان و خاوه‌ن دوكانیش خه‌ریكی رزگاركردنی كه‌لوپه‌ل و شمه‌كی ناو دوكانه‌كانن و به‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌وێن.

هاوکات شەقامی 100 مەتری بەرامبەر لەنگە داخراوە و ئێستا هاتوچۆی پێدا ناکرێت.

داڕشتنەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا