دیمەنێکی شاری سەردەشت - وێنە: socialmedia
لە سەردەشت
کاسبکارێکی گەنج بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا
توانا نەقی
کاسبکارێکی گەنجی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی کاوە سەرڕاست کە باوکی سێ منداڵە، بە تەقەی هێزە ئەمنیەکانی ئێران کوژرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ کاسبکارێک لە نزیک گوندی ساوانی سەردەشت بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراوە.
دەشڵێت، هێزەکانی سوپای پاسداران لە کاتی راوەدوونانی ئۆتۆمبێلی کاسبکارەکە بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەیان لەو کاسبکارە کردووە و کوشتوویانە.
رێکخراوەکە شەوی رابردوش بڵاویکردەوە، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری شاری بانە بە تەقەی راستەوخۆی سوپاى پاسداران کوژراوە.
بەپێى ئامارەکانى هەنگاو، لەماوەى ساڵى 2023دا، 22 کۆڵبەر لە سنوورەکانى شارى بانە کوژراون و 116 کۆڵبەرى دیکەش بریندار بوون.