نەخۆشخانەی سلێمانی بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی سوتاوی و جوانکاری - وێنە: تەندروستیی سلێمانی
لە سلێمانی
بەشێکی نوێ لە ناو سەنتەری سۆمەرلاندی پزیشکی کراوەتەوە
پێشەوا محەمەد
لەناو سەنتەری سۆمەرلاند لە شاری سلێمانی بەشێکی نوێی پزیشکی کرایەوە، کە تایبەتە بە بەکارهێنانی بێهۆشکاریی گشتی بۆ ئەو کێشانەی بۆ دەم و ددان دروست دەبن و لە کلینیکە تایبەتەکان چارەسەر ناکرێن.
رامیار عەتا، پزیشکی پسپۆڕی ددان لە سەنتەرەکە بە 964ـی راگەیاند، یەکەمجارە ئەو بەشی بێهۆشکارییە دەکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دەم و ددان، کە بە بەنجی ئاسایی ناکرێن و بە تایبەت بۆ ئەو کەسانی نەخۆشیی داون سێندرم و فرەجوڵەن زۆر بەسوودە، بۆ ئەوانەش بەکاردێت کە دەم و لێو کەروێشکین.
وتیشی، “ئەوانەی کێشەی زگماکیی مەڵاشوویان هەیە یان بە حاڵەتێک وایان لێهاتووە چارەسەریان بۆ دەکرێت بە بێهۆشکاریی گشتی، روواندنەوەی ئێسک و پڕکردنەوە و کێشانی دانیش بە هەمان شێوە لەو بەشە نوێیە ئەنجام دەدرێت بەو بێهۆشکارییە گشتییە”.
ئەو سەنتەرە لە لایەن رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و بە هاوکاریی تەندروستیی سلێمانی دامەزراوە و بەڕێوەدەبرێت.
سەنتەری سۆمەرلاند لە ناو نەخۆشخانەی سلێمانیدایە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی سووتاوی و جوانکاری، سەرجەم ئەو چارەسەرییانەی لە سەنتەرەکە پێشکەش دەکرێن بێبەرامبەرە.